رووداو دیجیتاڵ
هەردوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوە. بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، باسی یەکدەنگیی کوردیان لە بەغدا کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە کە دوایین رۆژی تۆمارکردنی بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە، هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. فراکسیۆنی پارتی لەلایەن شاخەوان عەبدوڵڵا و یەکێتی لەلایەن هەرێم کەمال ئاغاوە سەرۆکایەتی دەکران.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فراکسیۆنی یەکێتی سەردانیان کردین و ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە پیرۆزبایی بوو لە د. شاخەوان عەبدوڵڵا کە بووە سەرۆکی فراکسیۆن."
دووبەردانی گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی یەکدەنگیی کورد لە عێراق کرا؛ هەروەها باسی کاری پێکەوەییمان لە پەرلەمانی عێراق کرد، بەتایبەت بۆ ئەو یاسایانەی پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، هەردوو فراکسیۆنەکە باسیان لە یەکدەنگیی کورد کردووە لەبارەی ئەو بڕگە و مادانەی پەیوەستن بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆمارکردنی ناوی بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە. شێروان دووبەردانی ئەوەی خستەڕوو، "باسمان لە بەربژێرانی پۆستەکە نەکردووە؛ جارێ کات ماوە و ئەوەی گرنگە بەلامانەوە یەکدەنگیی کوردە."
لەبارەی بوونی بەربژێری پارتی بۆ سەرۆککۆماری عێراق، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ لە سەرکردایەتیمانەوە ئەوە یەکلایی نەکراوەتەوە کە بەربژێرمان دەبێت یان نا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ