رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 100 هەزار داواکاریی تۆمارکردنی چەکیان پێگەیشتووە و ژمارەی نووسینگەکانی تۆمارکردنیش بۆ زیاتر لە 700 نووسینگە زیادکراون.
عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی لیژنەی رێکخستن و سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرۆسەی تۆمارکردنی چەک لە عێراق بەردەوامە. ژمارەی داواکارییەکان لە گۆڕاندایە و روو لە زیادبوونە، خواستێکی زۆر هەیە و رۆژانە ژمارەی مامەڵەکان 2000 بۆ 3000 تێدەپەڕێنێت".
بەگوێرەی سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، لە عێراق زیاتر لە 20 ملیۆن پارچە چەکی بێ مۆڵەت هەن، جگە لە ملیۆنان پارچە چەکی دیکە کە بە "چەکی حکومەت" دەناسرێن. عەمید زیاد قەیسی دەڵێت: "هیچ ئامارێکی ورد لەبارەی چەکی بێ مۆڵەت نییە و ئەوەی هەیە تەنیا خەمڵاندنە".
بەگوێرەی یاسای چەکی عێراق ژمارە 51ـی ساڵی 2017، هەر هاووڵاتییەکی خێزاندار دەتوانێت چەکێکی بچووک یان دەمانچەیەک لەگەڵ 50 فیشەک بۆ دەمانچەکە و 200 فیشەک بۆ چەکەکەی هەبێت. حکومەتی عێراق بودجەی بۆ کڕینەوەی ئەو چەکانە تەرخان کردووە. عەمید زیاد قەیسی گوتی: "تەنیا چەکە مامناوەندەکان دەکڕنەوە".
رۆژی 24-01-2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی ئەوکاتی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و بەڕێوەبەری ئێستای راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتەکە، پرۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتی راگەیاند و گوتی: "بە پشتبەستن بە بڕگەی 6ـی مادەی 1ـی یاسای ژمارە 51ـی ساڵی 2017ـی تایبەت بە چەک و بڕگەی نۆیەمی مادەی 21ـی کارنامەی حکومەتی عێراق، بۆ پاراستنی سەقامگیری و ژیانی هاووڵاتییان و بەپێی مادەی 2ـی یاسای وەزارەتی ناوخۆی ژمارە 20ـی ساڵی 2016، دەست بە پرۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و نەهێشتنی دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ