رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 600 هەزار کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان دابەشکردووە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان بەسەر دەنگدەراندا دابەشکردووە.
بە گوتەی غەلای، پرۆسەی دابەشکردنەکە لە رێگەی 1079 بنکەی تۆمارکردنەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
بەکۆی گشتی، نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار کارتی دەنگدان دابەش دەکرێن. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 21 ملیۆن و 404 هەزار کەس کارتی بایۆمەتری و مافی دەنگدانیان هەیە، 20 ملیۆنیان دەنگدەری گشتی، یەک ملیۆن و 313 هەزاریان دەنگدەری تایبەت و زیاتر لە 26 هەزاریشیان ئاوارەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدان ناتوانن بەشداری بکەن. عیماد جەمیل گوتی "هۆکارەکان جیاوازن، بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن، بەشێکیان مردوون، هەندێکیشیان ئارەزووی بەشداریکردن لە پرۆسەکە ناکەن."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ