رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ پێشبینی دەکات رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگدان بگاتە 65٪ و دەڵێت، "پێشبڕکێی ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییە گەورەکانی عێراقە نەک لایە کوردستانییەکان."
پارێزگای نەینەوا دووەم گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە و 34 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، زۆرترین لیست و بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکانی ئەو پارێزگا زۆرینە سوننەنشینە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە کە 405 کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختی عێراق دوورە، عەرەب، کورد، تورکمان و کریستیان و شەبەک و کوردانی ئێزدین.
رۆژی چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکرد، رایگەیاند، "هێزی سەرەکیی کورد لە موسڵ پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە رکابەریی ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەیە و کەمتر لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان. لە موسڵ 37 لایەنی سیاسی هەن لە چوارچێوەی 20 لیستی هەڵبژاردن لەسەر 34 کورسی رکابەری دەکەن و سێ کورسیش بۆ کۆتاکانە."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ 62 بەربژێری هەیە، خەسرۆ گۆران، رایگەیاند، "بەربژێرەکانمان لە هەموو ئایین، نەتەوە و تایفەکانی موسڵن. پێشبڕکێی ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییە گەورەکانی عێراقە و بە تایبەتیش سوننەکان."
بە گوتەی بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ، زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار دەنگدەر لە موسڵ هەن، خەسرۆ گۆران پێشبینی دەکات رێژەی دەنگدان بەرزبێ لە نەینەوا و دەڵێت: "وەکو پارتی هەڵمەتی زۆر گەورە و بەرفراوانمان کردووە و پێشبینی دەکەین دەنگی زیاتر بهێنین. دەمانەوێت لیستی یەکەم بین لە موسڵ، هەم لە رووی دەنگ و هەم لە رووی کورسییەوە.''
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا و نێوەندەکەی، شاری موسڵ، زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەسە. بەپێی نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە نەینەوا، 1047 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن کە 282یان ژنن و نوێنەرایەتیی 37 لیستی هەڵبژاردن دەکەن، 9 لەو لیستانە هاوپەیمانین، ئەوان کێبڕکێ لەسەر 34 کورسی دەکەن کە پشکی پارێزگاکەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سێیان بۆ کۆتایە.
لەنێو ئەو لیستانەدا 14 لیستی "کۆتا" هەن کە نوێنەرایەتیی کریستیان، کوردانی شەبەک و ئێزدی دەکەن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی سێ کورسیی پەرلەمان دەکەن.
بەرپرسەکەی پارتی ئامانجی حیزبەکەی لە خولی داهاتوو رووندەکاتەوە و دەڵێت: "وەکو جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی، لە دوای ئەم هەڵبژاردنە کەمتر لەجێبەجێکردنی دەستوور قبووڵ ناکەین؛ ناکرێت هەر خەریکی مشتومڕی مووچە بین، بەڵکو ئەوە مافێکی ئاسایی کوردە. پێشتر تەنیا کورد، بە تایبەتی پارتی، خەمخۆری جێبەجێکردنی دەستوور بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی کێشەکانەوە لایەنی دیکەی عێراقیش داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکەن."
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2023، دوو لیستی کوردستانی توانییان کورسییەکانی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبهێنن.
نەینەوا گەورەترین قوربانیی دەستی داعشە، بەو پێیەی لە حوزەیرانی 2014دا، ئەو گرووپە چەکدارە تووندئاژۆیە، شارەکەی گرت و خەلافەتی تێدا دامەزراند، پێش ئەوەی سوپای عێراق و پێشمەرگە شارەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
ژمارەی گشتیی دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوا دوو ملیۆن و 100 هەزار کەسە، ئەم ژمارەیە دابەش کراوە بەسەر دوو جۆر دەنگداندا، لە دەنگدانی تایبەتدا: 110 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دەنگدانی گشتیشدا کە رۆژی سێشەممەی داهاتوو دەکرێت نزیکەی ملیۆنێک و 990 هەزار کەس مافیان هەیە دەنگ بدەن .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ