نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری بارمتەکان هەڕەشە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات

06-02-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان لە ئێکس بڵاویکردەوە، دەبێت بە زووترین کات سەرۆکوەزیرانی عێراق بارمتە ئیسرائیلییەکە ئازاد بکات کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە عێراق دەستگیر کرا، ئەگەرنا دەبێت لە پۆستەکەی لاببرێت. 
 
ئادەم بۆلەر، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەگەر ئێستا ئیلیزابێس سورکۆڤ نەگەڕێتەوە ماڵەکەی، ئەمە مانای بێتوانایی سەرۆکوەزیرانی عێراق (محەممەد شیاع سوودانی)ـیە."
 
ئیلیزابێس سورکۆڤ، خوێندکاری دکتۆرایە لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پرینستن لە ئەمریکا و لە ئاداری 2023 لەکاتی سەردانێکیدا بۆ عێراق بۆ نووسینی تێزی دکتۆراکەی کە لەسەر "جووڵانەوەی شیعە" بوو، لە بەغدا رفێندرا.
 
دوای ئەوە لە تەممووزی هەمان ساڵ، بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئیلیزابێس لەلایەن چەکدارانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵاوە لە عێراق رفێندراوە.
 
بەرپرسی کاروباری بارمتەکان لە ئیدارەی ترەمپ دەشڵێت، ئەگەر ئەو بارمتە ئیسرائیلییە ئازاد نەکرێت، پێویستە سوودانی لە پۆستەکەی "لاببرێت" یان رێکاری "دیکەی" بەرامبەر بگیرێتەبەر.  
 
بە گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، چەند جارێک بەرپرسانی عێراق بەتایبەت سەرۆکوەزیران بەڵێنی ئازادکردنی بارمتەکەیان داوە، بەڵام پابەندی بەڵێنەکەیان نەبوون. ئەو هەڕەشەش لە بەرپرسانی عێراق دەکات و دەڵێت، "ترەمپ چاوی لەسەرتانە." 
 
رۆژی 23ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، سورکۆڤ لە ژیاندایە و حکومەت کار بۆ ئازادکردنی دەکات. 
 
بەگوێرەی میدیای نزیک لە میلیشیا عێراقییەکان، گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەیانەوێت بارمتەکە بکەنە بەشێک لە ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل. ئەو گرووپانە دەیانەوێت لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکە، ئیسرائیل ژمارەیەک چەکدار و فەرماندەی حیزبوڵڵای لوبنان ئازاد بکات. 
 
لە تشرینی دووەمی رابردوو، گرتە ڤیدیۆییەکی ئیلیزابێس بڵاوبووەوە کە تێیدا بە زمانی عیبری داوای کرد کار بۆ ئازادکردنی بکرێت و گوتی بۆ "مەبەستی سیخوڕی" سەردانی عێراقی کردووە، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا رەتیدەکەنەوە ئێلیزابێس کاری بۆ ئەوان کردبێت و رایانگەیاند، لەژێر گوشاردا ئەو قسانەی کردووە.
 
ئیلیزابێس جگە لەوەی خوێندکاری دکتۆرایە، رۆژنامەڤانیشە. پێش رفاندنی چەند جارێک سەردانی عێراقی کردبوو.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە