چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار؛ "داوا دەکەین پارتی و یەکێتی بەربژێرێکی هاوبەشیان هەبێت"

دوێنێ کاژێر 11:39
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
نەهرۆ محەممەد و مالیک محەممەد

تاوەکو ئێستا دۆخەکە بەو جۆرەیە کە پارتی و یەکێتی بە بەربژێری جیاواز بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا دەکەن و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکانیش دەڵێن، ئەوان پشتگیری لە بەربژێرێکی هاوبەشی ئەو دوو حیزبە دەکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. بەرپرسێکی فراکسیۆنی سادیقوون دەڵێت، ئەگەر پارتی و یەکێتی بەربژێرێکی هاوبەشیان نەبێت، دەنگ بە بەربژێرەکەی یەکێتی دەدەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2025، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق کە کەسایەتییەکی دیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە لە چوارچێوەی لیستەکەی محەممەد شیاع سوودانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پاڵپشتی لە گفتوگۆی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لە نێوان خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار".
 
رەوتی حیکمە: پشتیوانی لە یەک بەربژێر دەکەین
 
هاوکات زەهرا کازم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم بە رووداوی گوت: "هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی روون و نەگۆڕە، ئەویش پشتیگیریکردنە لەوەی براکانمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە یەک بەربژێری رێککەوتن لەسەر کراو بچنە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار."
 
زەهرا کازم گوتیشی: "ئەمە هەمان ئەو رێچکە و میکانیزمەیە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەیڕەوی کردووە و پشتیوانی لێکردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە سیاسییە سوننەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێرەکەیان بۆ سەرۆکی پەرلەمان."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حیکمە، رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش، چەندین سوودی بۆ قۆناخی ئێستا هەیە، لەوانەش "خێراکردنی رێکارە دەستوورییەکان، بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی و چەسپاندنی پرەنسیپی هاوبەشی."
 
رێکخراوی بەدر: نزار ئامێدی چانسی زیاترە 
 
هاوکات ئەبو میساق مساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، ئەمڕۆ چوارشەممە،7-1-2026  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین کورد یەک بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەبێت و هەر بەربژێرێک کۆدەنگیی نێوماڵی کوردی لەسەر بێت، پەسندی دەکەین."
 
ئەبو میساق مساری گوتیشی: " ئەگەر بەربژێرەکان بە زۆرینە دیاری بکرێن نەوەک بە کۆدەنگی، ئەوا گفتوگۆیان لەسەر دەکەین و لەگەڵ بەربژێرەکان تاوتوێی دیدگە و بەرنامەکانیان دەکەین، ئینجا بڕیار دەدەین کامەیان گونجاوە و دەنگی پێ دەدەین!".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەرلەمانی عێراق 81 کەس خۆیان بەربژێر کردووە. بەگوێرەی بەدواچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، 33 لە بەربژێرەکان کوردن.
 
لەو 33 کوردەی بەربژێرن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، سێ کەسیان بە فەرمی بەربژێری حیزبن، ئەوانیش نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان؛ د. فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی، بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
بەرپرسەکەی رێکخراوی بەدر گوتی: "لەو سێ بەربژێرە، نزار ئامێدی چانسی زیاترە، چونکە لە بەغدا کاری کردووە و پێی ئاشناین. نزار ئامێدی وەزیری ژینگە بووە لە حکومەتی عێراق و کەسێکی ناسراوە."
 
سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون کە باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە رووداوی راگەیاند، ئەوان پشتگیری لە بەربژێرێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی دەکەن و "لەگەڵ رێککەوتنی نێوماڵی کوردین."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی سادیقوون گوتی: "دەمانەوێ پارتی و یەکێتی بەربژێرێکی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوە نەبوو و هەردوو حیزب بە بەربژێری جیاواز هاتنە پەرلەمان، ئەوکاتە دەنگ بە بەربژێرەکەی یەکێتی دەدەین."
 
هاوپەیمانییەکەی سوودانی: دڵنیاین پارتی و یەکێتی یەک بەربژێریان دەبێت 
 
لەلایەکی دیکەوە بەها ئەعرەجی، بەربژێری سەرکەوتووی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و کەسایەتی نزیک لە محەممەد شیاع سوودانی بە رووداوی گوت: "ئێمە هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری بکەن."
 
بەها ئەعرەجی دەڵێت: "دڵنیاین کە هەردوو حیزب لە کۆتاییدا بەربژێرێکی هاوبەشیان بۆ ئەو پۆستە دەبێت."
 
هاوکات روقیە رەحیم نووری، ئەندامی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرسی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە لۆژیکی هاوبەشیی نیشتمانی و هاوسەنگیی دەستووری بەڕێوەدەبرێ، نەوەک لە رێگەی راگەیاندنی هەڵوێستی پەلە یان جەمسەرگیریی پێشوەختە."
 
روقیە رەحیم نووری، کە هاوکات  ئەندامی ئەمینداریەتیی گشتیی رەوتی فوڕاتەین و سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتەکە بوو  لە خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق کە رەوتەکە لەلایەن سوودانی سەرۆکایەتی دەکرێت ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پۆستە پێویستی بە ئاستێکی بەرزی لێکتێگەیشتن لەنێوان هێزە سیاسییەکان هەیە، "بەتایبەتی لەنێو ماڵی کورد" تاوەکو کەسایەتییەک هەڵبژێردرێت کە ببێتە سیمبوولی یەکڕیزی و پارێزەری دەستوور.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی محەممەد شیاع سوودانی، ئەو ئەندامەی رەوتی فوڕاتەین گوتی: " بە عەقڵی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە دەکات و سەقامگیریی وڵات بە کاری لەپێشینە دەزانێت؛ نایەوێ رێڕۆی نوێی گرژی بکاتەوە. هەوڵەکان بۆ ئەوەن پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هاوکاریی دامەزارەوەیی و رێزگرتن لە دەستوور بەردەوام بێت."
 
روقیە رەحیم نووری راشیگەیاند: "لە ئەگەری نەگەیشتنە رێککەوتن لەنێو ماڵی کورد، هەڵوێستی ئێمە تەنیا لەگەڵ دەستوور و سەقامگیریی سیاسی دەبێت، نەوەک لایەنگریکردنی لایەنێک بەسەر لایەنەکەی دیکەدا."
 
سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی فوڕاتەین گوتی: "نامانەوێ پرسی سەرۆککۆمار ببێتەهۆی پەککەوتنی پرۆسەی سیاسی یان دروستبوونی گرژی. ئێمە وەک بژاردەیەکی حیزبی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە ناکەین، بەڵکو وەک بەرپرسیارێتییەکی دەستووری دەیبینین و هەر هەڵوێستێکیش وەربگیرێت، لە کاتی خۆیدا و بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی عێراقدا دەبێت". 
 
یەکەم دانیشتنی پەرلەمان رۆژی 29-12-2025 بەڕێوەچوو.  
 
بەگوێرەی مادەی 70 لە دەستووری عێراق، پەرلەمانی عێراق لە نێوان بەربژێرەکان سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێ بە زۆرینەی دوو لەسەرسێ 3/2 ی دەنگی ئەندامەکانی؛ هەروەها ئەگەر هیچکام لە بەربژێرەکان دەنگی زۆرینەی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە دەکرێت کە زۆرترین دەنگیان هێناوە، ئەو کەسەش زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا لە دەنگدانی دووەمدا دەبێت بە سەرۆککۆمار.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هەواڵگریی عێراق

چالاکییەکانی هەواڵگریی عێراق لە 2025؛ 'دروستکردنی هاوئاهەنگی هەواڵگری لەگەڵ سووریا'

راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە و تێیدا هاتووە: "ساڵی 2025 گۆڕانکاریی ستراتیژی لە سرووشتی ئەو ئەرکانەدا هەبووە کە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق جێبەجێی کردوون." بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەرکەکانی دەزگای هەواڵگری "جووڵەی دیپلۆماسی-ئەمنی و ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی سەرکردەی رێکخراوە تووندڕۆکان و تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو بوون، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان."