وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: هیچ قەیرانێکی گازی شلی ماڵان لەئارادا نییە

07-01-2026
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هیچ قەیرانێکی گازی شل لە وڵات لەئارادا نییە و بەشی پێویست بەرهەم هەیە. ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەش دەڵێت، هۆکاری دواکەوتنی گەیشتنی گاز بۆ پارێزگاکەیان، کێشەیەکی تەکنیکی و رووخانی پردێک بووە.
 
عەبدولساحیب حەسناوی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی نەوت، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و کۆمپانیای گشتیی پڕکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی گاز، بڕی پێویست گازیان هەیە و هیچ قەیرانێکی گازی شل لەئارادا نییە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتیشی، بڕی پێویست لە گاز بەردەستە و 20 هەزار تۆنیش هەناردەی دەرەوەی عێراق کراوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەش رەتیدەکاتەوە هیچ قەیران و کەمبوونەوەیەکی گازی ماڵان هەبێت و دەڵێت، توانای کارگەکانی پڕکردنەوەی گازی ماڵان لە رۆژێکدا 32 هەزار بتڵە.
 
نزار لهێبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بریکارەکان بۆ ماوەیەکی کورت دواکەوتن لە گەیاندنی گاز، ئەگینا هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و ئەوەش کە هەبوو، چارەسەر بوو."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، هۆکاری دواکەوتنەکە بۆ گۆڕینی رێڕۆی رێگەی دیالە - کەرکووک - بێجی دەگەڕێتەوە، بەهۆی رووخانی پردێک لە قەزای خورماتوو، کێشەیەکی تەکنیکی لەو بۆرییەدا روویدا کە گازی شل لە پارێزگای بەسرەوە بۆ بەغدا دەگوازێتەوە.
 
گازی شل لە پارێزگای بەسرەوە بۆ بەغدا دەگوازرێتەوە و دواتر هەناردەی پارێزگای دیالە دەکرێت.
 
بەرهەمی کۆمپانیای گازی بەسرە لە گازی شل زیاتر لە شەش هەزار تۆنە لە رۆژێکدا.
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "گاز لە پارێزگاکەدا بەردەستە" و ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر 24 کارگەی پڕکردنەوەی گاز بە توانای بەرهەمهێنانی 32 هەزار بتڵ لە رۆژێکدا کاردەکەن."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دیالە بۆ ساڵی 2025، یەک ملیۆن و 934 هەزار کەسە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە داوای لە هاووڵاتییان کرد "نیگەران نەبن" و روونیکردەوە، "ئەوەی روویداوە دواکەوتنێکی کاتیی تەکنیکی و لۆجستی بووە و کارکردن بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی و سەقامگیریی دابینکردنی گاز لە هەموو ناوچەکانی پارێزگاکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای عێراق و ئێران

وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ پرسی گاز شاندێک دەنێرێتە ئێران

وەزارەتی کارەبای عێراق ئامادەکاری دەکات شاندێکی باڵا بنێرێتە ئێران بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی ئەو وڵاتە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، بەهۆی بڕینی گازەکەوە بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر لە پێنج هەزار مێگاوات کەمیکردووە.