رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە هەڵسەنگاندنی سیڤیی ئەو کەسانە کردووە کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر کردووە و گوتیشی، "بەشێکیان رەتکراونەتەوە."
رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2026 دوای ئەوەی سیڤیی 81 کەس وەرگیران، دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق داخرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستیان بە هەڵسەنگاندنی سیڤیی ئەو کەسانە کردووە کە خۆیان بەربژێر کردووە و پرۆسەکە بەردەوامە.
گوتیشی، "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکیان لەبەر نەبوون یاخود نزمیی بڕوانامە، پاشخانی سیاسی و هۆکاری دیکە رەتکراونەتەوە و زیاتریش دەبن، بەڵام ژمارەکەی ئاشکرا نەکرد."
رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار
د. ئەوس حەیانی، راوێژکاری پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دوای تەواوبوونی وردبینی لە سیڤیی بەربژێرەکان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دیاریدەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە بەگوێرەی دەستووری عێراق نابێت کاتەکەی لە 30 رۆژ دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان تێپەڕێت.
یەکەم دانیشتنی پەرلەمان رۆژی 29-12-2025 بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی مادەی 70 لە دەستووری عێراق، پەرلەمانی عێراق لە نێوان بەربژێرەکان، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ (3/2)ی دەنگی ئەندامەکانی. هەروەها ئەگەر هیچکام لە بەربژێرەکان دەنگی زۆرینەی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە دەکرێت کە زۆرترین دەنگیان هێناوە، ئەو کەسەش لە دەنگدانی دووەمدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، دەبێتە سەرۆککۆمار.
لە دەستووردا چۆن باسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کراوە؟
مادەی 68
پێویستە بەربژێر بۆ سەرۆککۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت:
یەکەم: لە عێراق لەدایکبووبێت و دایک و باوکی عێراقی بن.
دووەم: لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی 40 ساڵی تەواو کردبێت.
سێیەم: ناوبانگێکی باش و شارەزایی سیاسیی هەبێت، بە پاکێتی و سەرڕاست و دڵسۆز بۆ نیشتمان ناسراوبێت.
چوارەم: حوکم نەدرابێت بە تاوانێک کە لەکەداری بکات.
مادەی 69
یەکەم: بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەگوێرەی یاسا رێکدەخرێت.
دووەم: هەڵبژاردنی جێگرێک یان زیاتر بۆ سەرۆککۆمار بەگوێرەی یاسا رێکدەخرێت.
مادەی 70
یەکەم: ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێوان بەربژێرەکان سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لەسەرسێ 3/2 ی دەنگی ئەندامەکانی.
دووەم: ئەگەر هیچکام لە بەربژێرەکان دەنگی زۆرینەی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە دەکرێت کە زۆرترین دەنگیان هێناوە، ئەو کەسەش زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا لە دەنگدانی دووەمدا دەبێت بە سەرۆککۆمار.
مادەی 71
سەرۆککۆمار لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران سوێندی دەستووری دەخوات بەو شێوەی لە مادەی 50ی دەستووردا هاتووە.
مادەی 72
یەکەم: ماوەی سەرۆکایەتی کۆمار چوار ساڵە، دەکرێت تەنیا بۆ یەک جاری دیکە هەڵبژێردرێتەوە.
دووەم:
ئەلیف: ماوەی کاری سەرککۆمار بە کۆتاییهاتنی خوولی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆتایی دیت.
بێ: سەرۆککۆمار بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تاوەکو دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەو مەرجەی سەرۆککۆماری نوێ هەڵببژێردرێت لەماوەی سێ (30) رۆژ لە رێککەوتنی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.
جیم: ئەگەر سەرۆککۆمار لەبەر هەر هۆیەک بەتاڵ بوو، سەرۆکێکی دیکە هەڵدەبژێردرێت بۆ تەواوکردنی ئەوە ماوەیەی کە ماوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار.
مادەی 76
سەرۆککۆمار بەربژێری ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیەی زۆرترین ئەندامی هەیە رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران لەماوەی پازدە رۆژ لە رێککەوتی هەڵبژاردن بە سەرۆککۆمار.
بەربژێرە کوردەکان
لەنێو بەربژێرەکاندا، 33یان کوردن. سێ کەسیان بە فەرمی بەربژێری حیزبن، ئەوانیش نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، د. فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی، بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستانن جیا لە لەتیف رەشید، کە ئێستا سەرۆککۆمارە لە پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و حیزبەکەی رەتیدەکاتەوە بەربژێری ئەو بێ.
لەنێو ئەو کوردانەی خۆیان بەربژێر کردووە، ژمارەیەک ناوی دیار و ناسراو هەن، وەکو خۆیان دەڵێن، بەربژێری "بێلایەن"ـن لەوانە؛ مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی، موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ئاسۆ فەرەیدوون عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، جوان محەممەد فوئاد مەعسوم، کچی فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و عەبدوڵڵا محەممەد عەلیاوایی، راوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
ناوی بەربژێرانی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق:
- نزار محەممەد سەعید (نزار ئامێدی)
- فوئاد محەممەد حوسێن بەکی (د. فوئاد حوسێن)
- نەوزاد هادی مەولوود
- عەبدولـلەتیف محەممەد جەمال رەشید (لەتیف رەشید)
- حیکمەت محەممەد کەریم (مەلا بەختیار)
- موسەنا ئەمین نادر
- شوان حەوێز فەریق داودی
- ئاسۆ فەرەیدوون عەلی
- جوان محەممەد فوئاد مەعسوم
- عەبدوڵڵا محەممەد عەلیاوایی
- سەردار عەبدوڵڵا مەحموود
- شيلان فوئاد عبدولـلەتیف
- شێرزاد بابان مەجيد سلێمان
- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق
- نەبەز محەممەد عەلی
- حوسێن تەها حەسەن سنجاری
- نەجمەدین عەبدولکەریم حەمەکەریم
- دڵشاد محەممەد عەبدولڕەحمان
- سامان عەلی شاڵی
- محەممەد سابیر سلێمان عەزیز هەمەوەندی
- ئومێد عەبدولسەلام قادر (پاڵانی)
- سیروان ئەحمەد رەشید کوێخا عەزیز
- سالار رەحیم کەریم جاف
- دیاری عەلی ئەحمەد بەرزنجی
- دڵشاد شاکر ئیسماعیل بۆتانی
- شێرزاد حەسەن ئیسماعيل بەرزنجی
- دڵخواز رەزا عەباس
- یاسین عومەر محەممەدئەمین
- ئازاد مەجید حەسەن
- خالید سدیق عەزیز محەممەد
- خالید مستەفا حوسێن شەریف
- ئەنوەر حەمەد ئەمین ئەحمەد
- عەباس خەلیل یەعقوب مەندەلاوی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ