رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک هۆزێکی سنووری بەسرە دەڵێ، دوو گەنجی خەڵکی پارێزگاکە لە ئێران رفێندراون و لە بەرامبەر ئازادکردنیان داوای پارە دەکرێ.
یەکێک لە رفێندراوەکان ناوی حەسەن خەلیل شەعبان کەعبییە و دەگوترێ، کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە، لەدایکبووی ساڵی 1997ـە و خێزاندارە.
ئەسعەد کەعبی، سەرۆک هۆزی کەعبی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆتایی 2025دا حەسەن کەعبی چوو بۆ ئێران، رۆژی 31ـی کانوونی یەکەم لە ئێرانەوە پەیوەندییان پێوەکردین و پێیان گوتین کە حەسەن رفێندراوە و لە بەرامبەر ئازادکردنی داوای 40 هەزار دۆلار دەکەن."
ئەسعەد كەعبی رایگەیاند: "پەیوەندییەکان لەگەڵ باندە ئێرانییەکە لە رێگەی زاوای حەسەنەوە رێکدەخرێن کە ناوی عەباسە."
ئەسعەد کەعبی گوتیشی: "حەسەن کارمەندی یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانە، خەڵکی خێزانێکی هەژارە، باوکی بە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەژی و لە گەڕەکە هەژارنشینەکان نیشتەجێن."
ئەسعەد کەعبی دەڵێت: "پەیوەندییەکە لە شاری ئەهوازەوە کرا، لەدوای 31ـی کانوونی یەکەمەوە شوێنەکەی گۆڕدرا بۆ ئەوەی شوێنی مانەوەی نەزانرێت."
سەبارەت بە هۆکاری سەردانی حەسەن کەعبی بۆ ئێران، سەرۆک هۆزەکە گوتی: "بە مەبەستی بازرگانی و کڕین و فرۆشتن هاتووچۆی ئێرانی دەکرد، بۆ ئەوەی بژێوی خێزانە هەژارەکەی دابین بکات." گوتیشی، "چاوەڕێی رێکارە حکومییەکان دەکەین."
وسام تهها، برای گەنجێکی دیکەی رفێندراو لە ئێران، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە، داوا لە دەسەڵاتداران دەکات براکەی لە دەستی رفێنەران رزگار بکەن کە لە بەرامبەر ئازادکردنی داوای 20 هەزار دۆلار دەکەن.
وسام دەڵێت: "براکەم بە مەبەستی زیارەتی مەزارە ئایینییەکان چووە ئێران، لەوێشەوە چووە باکووری ئێران بۆ بینینی ئەو ناوچەیە، بەلام لەوێ لەلایەن باندێکەوە رفێندرا و ئێستا داوای 20 هەزار دۆلار دەکەن، ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی دەنێرن بۆ من تا پارەکەیان پێبدەین."
وسام گوتی: "نازانین چارەسەر چییە" و داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری بەسرە دەکات "کوڕە رفێندراوەکەمان رزگار بکەن" و ئاماژەی بەوەشکرد، دایک و باوکی "بەدەست چەندین نەخۆشیی درێژخایەنەوە دەناڵێنن و ئەو بڕە پارەیەشمان نییە کە رفێنەران داوای دەکەن."
وسام تەها دەڵێت: "باندە رفێنەرەکە هەڕەشەیان کردووە ئەگەر پارەکە نەنێرین، دەیکوژن؛" ئاماژە بەوەش دەکات: "رفێنەران لە ناوچەی سەڵماس لە باکووری رۆژئاوای ئێران، لە رێگەی ژمارەی ئێرانی و مۆبایلی براکەمەوە پەیوەندیمان پێوە دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ