رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بارانى دەستکرد لە عێراق و هەرێمی کوردستان بنکەیەک دروست دەکات و لە رێگەی درۆن، باڵۆن و ئایۆنەوە بارانى دەستکرد دەبارێنرێت.
ئەو پڕۆژەیە لە رێگەی ناوەندێکەوە جێبەجێ دەکرێت کە ناونراوە بە "ناوەندی نیشتمانی بۆ باراندنى دەستکرد و سەقامگیریی ئاو" کە ئێستا راسپاردەی پێکهێنانی لەبەردەم حکومەتدایە بۆ بڕیاردان لەسەری.
راسپاردەکە بۆ پێکهێنانى ئەو بنکەیە لەلایەن لیژنەیەکەوە پێشکێش کراوە، کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێنراوە.
ئەحمەد کەریم ناسر، بەڕێوەبەری ناوەندی کەشناسی لە وەزارەتی کشتوکاڵى عێراق کە ئەندامی لیژنەکەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی راسپاردەکانیان، عێراق دەکرێتە چوار زۆن بە هەرێمی کوردستانەوە، کە هەر چەند پارێزگایەک زۆنێک دەبن.
لیژنەکە لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە پێکهاتبوو، لەوانە: وەزارەتی کشتوکاڵ، پیشەسازى، سەرچاوەکانی ئاو، ژینگە،خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەستەی کەشناسیی عێراق، زانکۆکانى بەغدا و موستەنسریە، نووسینگەی دەستەی راوێژکارانی سەرۆکوەزیران.
ئەحمەد کەریم ناسر گوتی، "ئەو باراندنە دەستکردە بەو جۆرەیە کە لە ناوچە دەشت و ناوچە نزمەکان لە رێگەی درۆن و باڵۆنەوە و لە ناوچە بەرزەکانیش لە رێگەی ئایۆنەوە دەبێت. باران باراندن لەرێگەى ئایۆن، بریتییە لە بارگاویکردنی هەور بۆئەوەی بارانبارینی لێ بکەوێتەوە."
نوێنەرەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتى، "وەک لیژنەکە چەند کۆمپانیایەک خرایە بەردەممان و کاری کۆمپانیاکانمان بینی، هەرکات ناوەندەکە پێکهێنرا، ئەوان رادەسپێردرێن کە گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکەن کە لە ناوچەکە ئەزموونیان هەبووە."
دەستپێکردنی پڕۆژەی بارانی دەستکرد چاوەڕێی پێکهێنانی ناوەندەکەیە، کە سەرۆک و چەند بەرپرسێکى دیکەى دەبێت.
ئەحمەد کەریم ناسر گوتی، بۆ دیاریکردنی ئەو ناوچانەی کە پێویستییان بە بارانی دەستکردە، لەلایەن ناوەندەکەوە بڕیاری لێدەدرێت.
بەگوێرەی راسپاردەی لیژنەکە کە دەست رووداو کەوتووە، پێشنیاز کراوە ناوەندی باراندنى دەستکرد و سەقامگیریی ئاو لە چوار بەش پێكبێت و وەک دەستەیەک سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی کەشناسی لە وەزارەتی کشتوکاڵى عێراق، کۆمپانیاکانی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە پێویستییان بە پێنج ساڵ دەبێت بۆ راهێنانی کارمەندانی عێراقی لەسەر جێبەجێکردنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ