رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە و تێیدا هاتووە: "ساڵی 2025 گۆڕانکاریی ستراتیژی لە سرووشتی ئەو ئەرکانەدا هەبووە کە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق جێبەجێی کردوون." بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەرکەکانی دەزگای هەواڵگری "جووڵەی دیپلۆماسی-ئەمنی و ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی سەرکردەی رێکخراوە تووندڕۆکان و تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو بوون، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان."
کرانەوە بە رووی سووریادا
ساڵی رابردوو، حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، وەک یەکەم بەرپرسی حکومەت لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد سەردانی دیمەشقی کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە دەزگاکەوە دەستی کەوتوون، "ئامانجی ئەم جووڵانە دروستکردنی رێڕەوی هاوئاهەنگی هەواڵگریی راستەوخۆ بوون لەگەڵ لایەنی سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی قۆناخی راگوزەر، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سنووردارکردنی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانەوە."
هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی "داعش"
لەسەر ئاستی مەیدانی، راپۆرتەکە باس لە کوژرانی "عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رەفیعی" ناسراو بە "ئەبو خەدیجە" دەکات لەلایەن دەزگاکەوە و بە 'دەستکەوتێکی گەورە' باسی لێوە دەکات کە ئەو کەسە پۆستی "جێگری خەلیفە"ی لە رێکخراوی داعشدا هەبووە.
دەزگای هەواڵگری دەڵێت: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە سەرەتای ساڵی رابردوو لە بیابانی ئەنبار ئەنجامدرا، بەرهەمی هاوئاهەنگییەکی هەواڵگریی بەرفراوان بوو کە تێیدا جگە لە دەزگای هەواڵگری، هەریەک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دەزگای دژەتیرۆر و هێزەکانی هاوپەیمانان بەشدار بوون، ئەمە جگە لە رۆڵێکی بەرچاوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە شوێنپێ هەڵگرتنی ئامانجەکان و دەستنیشانکردنی شوێنەکان."
ئاماژەش بەوە دەکات: "ئۆپەراسیۆنەکان بۆسەر رێکخراوەکە تەنیا لە ناوخۆی عێراقدا نەبوون، بەڵکو دەزگاکە ئۆپەراسیۆنێکی دەرەوەی سنووری دژی تۆڕێکی سەرەکی دابینکردنی دارایی "داعش" لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا ئەنجام دا کە ئەم تۆڕە بەرپرس بوو لە ئاسانکاری بۆ جووڵەی چەکداران و دابینکردنی پشتگیری دارایی بۆ ئەنجامدانی هێرش کە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و ئەوروپییەکانیان دەکردە ئامانج."
ئاسایشی ناوخۆ و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، دەزگاکە دەڵێت: "پیلانێک بۆ تیرۆرکردنی یەکێک لە خانمە راگەیاندنکارەکان لە بەغدای پایتەخت پووچەڵکرایەوە، کە بەدواداچوونە مەیدانییەکان بوونە هۆی ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی ئەو تۆڕەی کارەکەیان جێبەجێ دەکرد لە چەند پارێزگایەک پێش ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکەن."
رزگارکردنی بارمتە
دەزگاکە رایگەیاندووە: "مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، سەرکەوتنێک لە دۆسیەی "بازرگانیکردن بە مرۆڤ" تۆمارکرا، کاتێک توانیمان 5 هاووڵاتیی عێراقی رزگار بکەین کە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ رفێندرابوون دوای ئەوەی بە ناوی گەشت بۆ ئەورووپا هەڵخەڵەتێنرابوو"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا لە 6 کاژێردا بە هاوئاهەنگی دەسەڵاتدارانی وڵاتی پەیوەندیدار جێبەجێ کرا."
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق لە نیسانی ساڵی 2004، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس، لەسەر بنەمای فەرمانی ژمارە 69ی دەسەڵاتی هاوپەیمانان (CPA) دامەزرا و جێگەی "دەزگای هەواڵگریی گشتی"ی پێشووی گرتەوە، بەڵام بە شێواز و پێکهاتەیەکی نوێ کە لەگەڵ سیستەمی دیموکراسیی نوێی عێراقدا بگونجێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ