سەدر بۆ ئەو ئەندامانەی رەوتەکەی خۆیان بەربژێر کردووە: لە ئێمە نین

07-10-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرایا سەلام، نووسراوێکی ئاراستەی موقتەدا سەدر کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەند کەسێکی سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعە، پێشێلی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنیان کردووە و خۆیان بەربژێر کردووە. موقتەدا سەدریش لە وەڵامدا نووسیویەتی، "ئەوانە لە ئێمە نین، ئەوانە دونیاخوازانن."
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە وەڵامی نووسینگەی سەرایا سەلام دا نووسیویەتی، "پێویستە ئاماژە بەوەش بکەیت هەندێک لە بەربژێرەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان دەیانەوێت وا نیشانی بدەن کە بەرنامەی کارەکانیان لەگەڵ داواکارییەکانماندا دەگونجێت، بەبێ پێدانی هیچ گەرەنتییەک، هیچکام لەوانەش راستی نین."
 
سەرایا سەلام، باڵی چەکداریی رەوتی نیشتمانیی شیعە (رەوتی سەدری پێشوو)ە. درێژکراوەی سوپای مەهدییە، کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە دامەزرێندرا.
 
لە کۆتایی وەڵامەکەی بۆ نووسینگەی سەرایا سەلام، موقتەدا سەدر نووسیویەتی، "سوپاس بۆ بایکۆتکارەکان."
 
11ی تشرینی دووەم دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام رەوتی نیشتمانیی شیعە بڕیاریداوە بەشداری تێدا نەکات.
 
لە ساڵی 2022ـەوە رەوتەکەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان کشایەوە و بایکۆتی پرۆسەی سیاسی کردووە و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023ـی نەکرد.
 
بەر لە بایکۆتکردنى ھەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق موقتەدا سەدر چەند پێشمەرجێکى راگەیاند، کە سەرەکیترینیان ئەوە بوو چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت نەک گرووپە چەکدارەکان.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە