رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی دەڵێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا "دەستکەوت و رۆژێکی گەورەی نیشتمانییە، سەرکەوتنێکیشە بۆ ئیرادەی نیشتمانی."
ئەمڕۆ هەینی 07-11-2025 نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە دوایین رێوڕەسمی بانگەشەی هاوپەیمانییەکەی لە بەغدا رایگەیاند، "ئیرادەی شەڕ هەوڵی راگرتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەدا بۆئەوەی وڵات بخاتە نێو گێژاوی ئاژاوەوە، بەڵام ئێمە هەر لە سەرەتاوە دژی ئەو هەوڵانە بووین."
مالیکی ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵوێستی یەکگرتووی هێزە سیاسییەکان وایکرد پارێزگاری لە وادەی دەستووریی هەڵبژاردن بکرێت، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ دواخستنی." گوتیشی، "پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق پێویستە."
مالیکی سەرلیستی هاوپەیمانێتییەکەیەتى لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانی عێراق کە لیستێکی شیعەیە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات یەکێکە لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەو پرۆسە سیاسییەی عێراقییەکان بە خوێنی خۆیان بنیاتیان ناوە."
نووری مالیکی ئاشکرای دەکات، "بانگەشەکارانی تایفەگەری هەن کە لەلایەن هەندێک لایەنی نێوخۆیی و دەرەکییەوە پشتیوانی و پاڵپشتییان لێدەکرێ، بۆیە پێویستە یەکڕیزیی نیشتمانی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵانە و پاراستنی رێڕەوی دیموکراسی لە وڵاتدا."
مالیکی داوای لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش کرد، "بەرپرسیارێتیی تەواوی خۆی لە ئەستۆ بگرێ لە لێپرسینەوە لەو کەس و قەوارە سیاسییانەی بانگەشە بۆ گوتاری تائیفی دەکەن و رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ بێبەشکردنیان لە بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا."
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سبەی کاژێر 07:00ی بەیانی رادەگیرێ، رۆژی یەکشەممە 9-11-2025 دەنگدانی گشتی و دوو رۆژ دواتر لە 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ