حەلبووسی بۆ ئەبو عەلی عەسکەری: کەسایەتییەکی وەهمیت هەیە

07-11-2025
هەوار جەلالەدین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گۆڕەپانی سوننە لە عێراقدا گەرموگوڕتر دەبێت و سەرکردە دیارەکان هەوڵدەدەن پێگەی خۆیان لە هاوکێشەی سیاسیی داهاتوودا مسۆگەر بکەن. لەم نێوەندەدا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم، بە لێدوانێکی تووند وەڵامی ئەبو عەلی عەسکەری، سەرکردە لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای دایەوە.
 
ئەبو عەلی عەسکەری پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رەخنەی لە ئەگەری گەڕانەوەی حەلبووسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان گرتبوو و گوتبووی، "سەرۆکی پەرلەمان بۆ رووخسارێکی نوێ دەبێت. سەردەمی دووبارەبوونەوەی رووخسارە کۆنەکان کۆتایی هاتووە و ئەمە قسەیەکی یەکلاکەرەوەیە."
 
لە وەڵامدا حەلبووسی رایگەیاند، "شێوازی هەڵبژاردنی بەرپرسانی سوننە دەبێت بگۆڕدرێت. سوننە دەبێت خۆیان هەڵبژێرن نەک ئەوانی دیکە بۆیان هەڵبژێرن." هەروەها گوتیشی، "ئەبو عەلی عەسکەری راسپێردراو نییە بەسەر عێراقەوە، با هەرچی دەوێت تویت بکات، چونکە ئەو کەسایەتییەکی وەهمییە."
 
رۆژی پێنجشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2025 حەلبووسی لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا جەختی کردەوە، هەڵبژاردنەکانی 2025 نوێنەرایەتی ئاڵنگارییەکی کەسی دەکات و وێستگەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سەلماندنی بوونی سیاسیی پێکهاتەی سوننە.
 
ئاماژەی بەوەشدا کە حیزبی "تەقەدووم" بووەتە "چەترێکی سیاسی کە کۆمەڵگەی سوننە لەژێریدا پەنا دەگرێت، کە لە ساڵی 2003ەوە لەدەستی دابوو."
 
سەبارەت بە خواستی سیاسی داهاتووی، حەلبووسی دەرگای بە کراوەیی هێشتەوە بۆ ئەگەری رۆیشتن بەرەو سەرۆکایەتیی کۆمار لە جیاتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بەڵام ئەمەی بە "خواستنی کۆمەڵگەی سوننە"ەوە بەستەوە و گوتی، "ئەگەر نوێنەرانی پێکهاتەکە پێیان وابوو کە سەرۆکایەتیی کۆمار مافی ئەوانە، ئەوا بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆین، ئەگەر پێیان وابوو کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرهەمدارترە، ئەوا بەرەو ئەویش دەڕۆین."
 
حەلبووسی جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکی بێ مۆڵەت کردەوە و پرسیاری کرد، "ئایا دوای هەڵبژاردنەکان لەگەڵ دەرئەنجامە سیاسییەکان قسە دەکەین یان لەگەڵ چەکداران؟" گوتیشی: "یەکێک لە پێشینەکانی تەقەدووم لە قۆناخی داهاتوودا بریتی دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی وتار و رەفتارەکانی گرووپە چەکدارەکان وەک ئەوانەی لە ئەبوو عەلی عەسکەرییەوە دەردەچن."
 
حەلبووسی ئاماژەی بەوەکرد، پێکهێنانی دەسەڵاتەکان دوای هەڵبژاردنەکان لە رێگەی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکانەوە دەبێت، "نەک لە رێگەی تویتەکانەوە لە پشت چەکەوە." جەختی لەوەش کردەوە کە "هەر کەسێک گومان لە دەوڵەت دەکات دەبێت لەگەڵ دامەزراوەکانیدا قسە بکات، نەک بە زۆری چەک رای خۆی بسەپێنێت."
 
لە لایەکی دیکەوە، ساڵح موتڵەگ، سەرۆکی فراکسیۆنی حیواری نیشتمانی، لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو، "ناکۆکییەکانی نێوان هێزە سوننەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بە تووندی بەردەوام دەبێت. گەیشتن بە سازان لەسەر یەک کەسایەتی بەبێ دەستوەردانی سیاسی لە دەرەوەی سیستەمی پێکهاتەکە مەحاڵە، چونکە هەردوو کوتلەی تەقەدووم و عەزم، کە گەورەترینی پێکهاتەی سوننەن، ناتوانن زۆرینە مسۆگەر بکەن یان جیاوازییەکی ژمارەیی بەدەست بهێنن کە رێگەیان پێبدات بەربژێرەکەیان تێپەڕێنن بەبێ پشتیوانی زیادە."
 
ئاماژەی بەوەشدا کە "ئەم واقیعە ناچارمان دەکات پەنا بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی ببەین وەک لایەنێکی یەکلاکەرەوە بۆ بەهێزکردنی کاندیدێک."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرکردەکانی سوننە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی

لایەنە سوننەکان لەسەر دیدگەیان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتن

عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پەڕەیە تایبەتە بە پشک و ماف و دیدگەی سوننە لە حکومەتی داهاتووی عێراق. ئەو پەڕەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێ دەکرێت."