هێزە ئەمنییەکان دەکەونە حاڵەتی ئامادەیی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن

07-11-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 8700 قوتابخانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان رادەستی لیژنەی ئاسایشی هەڵبژاردن کران. سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، ئەمڕۆ هەینی پڕۆسەی پشکنینی قوتابخانەکان کۆتایی دێت و هێزە ئەمنییەکان دەکەونە حاڵەتی ئامادەییەوە.
 
فەریق روکنی یەکەم قەیس مەحمەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرجەم ئەو قوتابخانانەمان وەرگرتووە کە وەکو بنکەی هەڵبژاردن کۆمیسیۆن داوای کردوون، ژمارەیان زیاتر لە 8700 قوتابخانەیە و پشکنینی ئەمنیمان بۆ بەشێکی زۆری قوتابخانەکان کردووە و ئەمڕۆ پشکنین کۆتایی دێت."
 
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ ئامێر و پێداویستییەکانی دەنگدان بۆ بەشێکی قوتابخانەکان گوێزراونەتەوە، ئەمڕ و سبەی بەردەوام دەبێت، "پێش دەنگدانی تایبەت ئامێر و پێداویستییەکان بۆ سەرجەم بنکەکان و لەژێر چاودێریی ئەمنیی تووندیشدا دەبن."
 
لەبارەی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان گوتی، "لە رۆژی دەنگدانی تایبەت، سێیەکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی ئەمنییەکانی دیکەش دەچنە دەنگدان و دوو لەسەر سێیان لەسەر ئەرک دەمێننەوە، پڕۆسەکە بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەمیان دەنگ دەدەن."
 
بە گوتەی قەیس مەحمەداوی، سبەی ئێوارە سوپا و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پێشمەرگەشەوە، دەکەونە حاڵەتی (ئامادەیی نمرە جیم).
 
رۆژی 11-11-2025، دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە