رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی سادیقوون، باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی هەق، جیاوازیی بۆچوونەکان لەبارەی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران بە سرووشتی دەزانێت و هەندێک لەو کەسایەتی و پەیجانەی کە لەسەر ئەو هاوپەیمانیێتییەن بە "دەرچوو لە چوارچێوەی بەرپرسیارانە" دەزانێت. دەوڵەتی یاسایش داوا لە لایەنگرانی دەکات "بێڕێزی بەرامبەر بە سەرکردە سیاسییەکان نەکەن".
ئەو کاردانەوانە لە دوو راگەیێنراودا بوو کە بزووتنەوەی سادیقوون کە قەیس خەزعەلی سەرکردایەتی دەکات، لەگەڵ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرکردایەتی دەکات بە جیا بڵاویان کردەوە.
بزووتنەوەی سادیقوون ئاماژەی بەوە داوە کە چاودێریی لێدوانەکانی هەندێک لەو کەس و پەیجانەیان کردووە کە لەسەر هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هەژمار دەکرێن، کە مشتومڕی فراوانی لێ کەوتووەتەوە و هەندێک لە ناوەڕۆکەکانی لە چوارچێوەی بەرپرسیارانە دەرچوون.
ئەو بزووتنەوەیە ئاماژەی بەوە داوە کە جیاوازیی بۆچوونی سیاسییان لەبارەی دۆسیەی بەربژێری سەرۆکوەزیران پرسێکی سرووشتییە و بە گرنگی دەزانێت ئەو جیاوازییانە لە چوارچێوەیەکی ئاکاری و شەرعیدا بمێننەوە و نەگاتە ئاستی تۆمەتبارکردنی بێبنەما و هەوڵی خستنی سیاسی.
ئەو ناکۆکییەی نێوان لایەنگران و هەندێک لە بەرپرسانی ئەو دوو هێزە شیعەیە، لە دوای دیاریکردنی نووری مالیکی وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران لەلایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دروست بوو.
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق یەکێک بووە لەو لایەنە شیعانەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پەسەند نەکردووە.
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە روونکردنەوەیەکدا داوای لە رۆژنامەڤانان و خاوەن بۆچوون و لایەنگرانی هاوپەیمانییەکە کرد پابەندی رووحی بەرپرسیارانەی نیشتمانی بن لە رادەربڕینەکانیاندا و دوور بکەونەوە لە بێڕێزیکردن بەرامبەر بە سەرکردە سیاسی و سیمبوولە ئاینییەکان.
ئەو هاوپەیمانییە داوای کرد، کار لەسەر یەکخستنی هەڵوێستەکان و لێکتێگەیشتن بکرێت و پەنا بۆ گوتاری عەقڵ و دانایی ببرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ