رووداو - هەولێر
حکومەتی عێراق خەریکی ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2020ـە و شاندێکی هەولێریش بۆ دیاریکردنی بەشە بودجەی کوردستان دەچێتە بەغدا.
دوای جەژنی قوربان شاندێکی باڵا لە ھەولێرەوە دەچنە بەغدا و رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەوت و شایستە داراییەکانیان دەکەن.
ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "ھەرێمی کوردستان سێ داواکاری ھەیە لە عێراق: ئامادەیە نەوتی خۆی رادەستبکات، بەڵام بەمەرجی گرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی سیادی عێراق دابنرێت و هەروەها شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە بدرێت کە نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمدێنن و رادەستی عێراقی دەکەن".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوان دەکەن 2020 ساڵێکی بەھێز بێت لەرووی ئابوورییەوە.
ھێشتا لیژنەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق تاوتوێی ئەو ماددانەیان نەکردووە کە پەیوەندیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، چاوەکان لەسەر گەیشتنە رێککەوتنن، ئەگەرنا گوشاری سەر عادل عەبدولمەھدی زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەی ئێستا خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆن ناساندووە، بەڵام بەپێی لێکتێگەیشتنەکان دەستخستنە نێو دەستی ھەولێر و بەغدا ئەوەندەی نەماوە.
محەممەد بەلداوی، ئەندامی لیژنەی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومی دەڵێت: ئەو لیژنانەی ئێستا پێکھێندراون بەشێوەیەکی زۆر باش دەستیان بە کارەکانیان کردووە لەپێناو دۆزینەوەی رێگەچارەیەک لەسەر ئەو ناکۆکیانەی ھەن، پێم وایە ئەمڕۆ پێوستمان بە چارەسەرێکی نیشتمانی ھەیە، بەتایبەتی چاوەڕوانی زۆر باش لە حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان دەکرێت کە پێشوازییەکی زۆر باشی لە دەستپێشخەرییەکان کردووە و وەڵامی زۆر باشی ھەبووە بۆ حکومەتی ناوەندی.
دەبێت تاوەکو مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ حکومەتی عێراق رەشنووسی یاسای بودجەی 2020 بداتە پەرلەمان، وەزارەتی دارایی عێراق لە مانگی ئایارەوە لیژنەی ئامادەکردنی پرۆژەی بودجەی گشتی راسپاردووە، لیژنەکە سێ ئەندامی پەرلەمانی تێدان و پرۆژەکە بۆ سێ ساڵ ئامادەدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ