رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 07:00ی ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق راگیرا. یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، سزای بانگەشەکردن لەدوای ئەو کاتەوە تاوەکو دوورخستنەوە دەڕوات.
رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2025 نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانگەشەکردن لەکاتی بێدەنگیی بانگەشەی هەڵبژاردندا پێشێلکارییەکی یاساییە و ئەنجامدەرەکەی رووبەڕووی سزا دەکرێتەوە.
باسی لەوەش کرد، سزاکان بەپێی جۆری سەرپێچییەکان دەگۆڕن، لە پێبژاردنی داراییەوە دەستپێدەکەن تاوەکو دەگەنە بێبەشكردن و دوورخستنەوە، ئەوەیش بەپێی سەرپێچی یان تاوانەکە دەبێت.
سزاکان لە چوارچێوەی پەیڕەوی ژمارە 4ی ساڵی 2025ی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکراوە، کە لە 29 ماددە پێکهاتووە و ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە تەممووزی ئەم ساڵ پەسندی کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو 6ی تشرینی دووەم 848 بەربژێر بە هۆکاری جۆراوجۆر دوورخراونەتەوە و ئێستا ژمارەی بەربژێران گەیشتووەتە 7744 کەس.
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد، کاژێر 07:00ی رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2025 بانگەشە راگیرا. رۆژی 9ی تشرینی دووەم دەنگدانی تایبەت و رۆژی 11ی تشرینی دووەم، هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ