رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە 08-11-2025 رۆژی پێش دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەتە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بێدەنگیی هەڵبژاردن لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی بێدەنگیی هەڵبژاردندا، قەدەخەیە قەوارە و پارتە سیاسییەکان بانگەشە بۆ خۆیان و بەربژێرەکانیان بکەن، تاوەکو کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی کردەوە، "قۆناخی بێدەنگیی هەڵبژاردن لە کاژێر 7:00ی بەیانیی رۆژی شەممە 8ی تشرینی دووەمی 2025 دەستپێدەکات، تاوەکو کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی کە لە 11ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچن، بەردەوام دەبێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر چالاکییەکی بانگەشە یان پڕوپاگەندە بۆ بەربژێرەکان یان لیستەکانی هەڵبژاردن لەم ماوەیەدا، پێشێلکارییەکی روون و ئاشکرای رێنوێنییەکانە و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر لایەنە پێشێلکارەکان دەگیرێتەبەر."
کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، "ئامانج لە بێدەنگیی هەڵبژاردن، فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاوسەنگە، کە رێگە بە دەنگدەر بدات بە ئازادی بیر بکاتەوە و نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت بەبێ کاریگەریی یان بانگەشەی هەڵبژاردن لە دوا ساتەکاندا." داواشی لە حیزبە سیاسییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد، "پابەند بن بە تەواوی رێنوێنییەکانی بێدەنگیی هەڵبژاردن بۆ پاراستنی پاکیی پرۆسەی هەڵبژاردن و یەکسانیی دەرفەتەکان بۆ هەمووان."
رۆژی یەکشەممە 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر لە 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ