پۆستەرەکانی بانگەشە لە شۆستەکانی موسڵ لادەدرێن

09-10-2025
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شارەوانیی موسڵ هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ لابردنی ئەو پۆستەر و تابلۆیانەی بانگەشەی هەڵبژاردن کە بەنایاسایی لەسەر شۆستەکانی شارەکە دانراون. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت ژمارەیەکی زۆر لە پۆستەرەکان بوونە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ خەڵک و زیانیان هەبووە بۆ سیمای شارەکە.
 
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شارەوانیی موسڵ هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ لابردنی پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر شۆستەکان، بەڵام سەرەتا شارەوانی ئاگاداری بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا پۆستەرەکانیان لانەبەن، ئەوا شارەوانی خۆی لای دەبات."
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی یاسای شارەوانییەکانی عێراق، نابێت ناوەڕاستی شۆستەکان بۆ هیچ مەبەستێک بەکاربهێنرێت، نەک تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردن،چونکە لەناو ئەم شۆستانەدا هێڵەکانی ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت هەن و زۆرجار زیانیان بەردەکەوێت."
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جەختی لەوە کردەوە: "ئەو پۆستەرانە بەبێ ئاگاداری و مۆڵەتی شارەوانی لەسەر شۆستەکان دانراون، بۆیە شارەوانی قبووڵی ناکات و سەرجەمیان لادەبات.هەروەها سکاڵا لەسەر ئەو بەربژێر و لایەنانە تۆمار دەکات کە پابەند نەبوون."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، نابێت دانانی پۆستەرەکان گرفت و ئاستەنگ بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران دروست بکات. شارەوانی بۆ رێکخستنی ئەم کارە بە شێوەیەکی شارستانی، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە. بۆیە ئەگەر بەربژێر و لایەنەکان بیانەوێت، دەتوانن گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بکەن کە شارەوانی گرێبەستی لەگەڵدا کردووە.
 
هەر لەم بارەیەوە، ئەیسەر یاسین، بەرپرسی هۆبەی مەشق و راهێنان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دانانی پۆستەر و بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی شۆستە و سەر شۆستەکان لە قەدەخەکراوەکانی کۆمیسیۆن نییە."
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشدا، "دیاریکردنی شوێن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن شارەوانی و پارێزگاوە دیاری دەکرێت، بەڵام هەر کاتێک شوێنێکی رێگەپێدراو گرفتی لەبەردەم خەڵک و شۆفێران دروستکرد، ئەوا دەکرێت لاببرێت، هەروەک چۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پۆستەر و وێنەکان لەسەر شۆستەکان لابران."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە