رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق جۆرەکانی کارتی دەنگدان رووندەکاتەوە و دەڵێ : "هەر کەسێک لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بدات، ناتوانێ لەدەنگدانی گشتی دەنگبداتەوە، چونکە ئامێرەکانی دەنگدانی گشتی کارتی دەنگدەری تایبەت ناخوێننەوە."
ئەیسەر یاسین، بەرپرسی هۆبەی مەشق و راهێنان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو جۆری کارتی دەنگدان هەیە، یەکێکیان تایبەتە بە پارێزگاکان و ئەوی دیکەیان لەسەر ئاستی نیشتمانییە، ئامێرەکانی دەنگدانی گشتی، ناوی دەنگدەرانی تایبەت ناخوێننەوە.''
وردەکاریی جۆری کارتەکانی دەنگدان و شێوەی بەکارهێنانیان
بەرپرسی هۆبەی مەشق و راهێنان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێ : "کارتی نیشتمانیی دەنگدانمان هەیە، تەنیا بۆ دەنگدانی تایبەتە؛ بۆ نموونە، کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان دانیشتووی بەسرەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە ئەرکدایە، لە رۆژی دەنگدان لە هەولێر دەنگ بدات، دەنگەکەی دەنێردرێتەوە بۆ بەسرە، بەڵام ئەم جۆرە کارتە لە دەنگدانی گشتیدا بەکارناهێنرێت."
روونیشیکردەوە دوو تۆماری دەنگدەران هەیە گشتی و تایبەت، ئەو کارمەندانەی هێزە ئەمنییەکان کە لە دەنگدانی تایبەت بەشدار نەبوون یان بەشدار بوون، ناتوانن لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدەن، چونکە ناویان لەنێو لیست و ئامێرەکانی وردبینیدا نییە و لەیەکدی جیاوازن."
بڕیارە رۆژی 09ـی تشرینی دووەم دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
وەک بەرپرسی هۆبەی مەشق و راهێنان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان باسی کرد: "دوای دەنگدانی تایبەت، هەموو دەنگدەران کارتەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە، دوای هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان لێک جیادەکرێنەوە و پێیان دەدرێتەوە."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9ـی دیکەیان کۆتان.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیش کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووە و دەتوانن دەنگ بدەن.
ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی بەمشێوەیەیە:
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 8,703 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: 39,285 وێستگە
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 809 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت: 4,501 وێستگە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ