عێراق
دەنگدەرێک لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا دوای دەنگدانی، پەنجەی بە مرەکەب رەنگ دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی هەڵبژاردن رایگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا دوو گۆڕانکاریی جەوهەری کراوە، یەکەمیان نەهێشتنی پەنجەمۆرە بە مرەکەب و دووەمیان ناسینەوەی رووخساری ئەو دەنگدەرانەیە کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 09-11-2025 کارزان محەممەد، شارەزای هەڵبژاردن و راپرسی، بەشداریی لە رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو کرد بۆ دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق-2025 و گوتی، "لەم هەڵبژاردنەدا درێژترین ماوەی بانگەشە هەبوو لە مێژووی عێراق، کە پێنج هەفتەی خایاند، لە 3ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد تاوەکو 8ی تشرینی دووەم."
بە گوتەی ئەو شارەزایەی بواری هەڵبژاردن و راپرسی، لە هەرێمی کوردستان 7%ی هاونیشتمانییان دەتوانن لە دەنگدانی تایبەت دەنگ بدەن، "پرۆسەکە بەبێ گرفت بەڕێوەدەچێت، بەڵام دەبێت لەڕێی چاودێرانەوە راپۆرت بگات لەسەر هەردوو دیوەکەی هەڵبژاردن."
لەبارەی جیاوازییەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی رابردوو، کارزان محەممەد گوتی، "گۆڕانکارییەکی هونەریی جەوهەری هەیە، پێشتر پەنجە دەخرایە نێو مرەکەبەوە، بەڵام کۆمیسیۆن ئەمەی نەهێشت، ئەمەش پاڵنەری سیاسیی لەپشت بوو."
کارزان محەممەد روونیکردەوە، "لەدوای ساڵی 2021 کاتێک سەدر بە 73 کورسییەوە لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە، کۆمیسیۆن بڕیاری نەهێشتنی ئەو مرەکەبەی دا، بۆئەوەی هەر ئەندام و لایەنگرێکی سەدر بیەوێت بتوانێت دەنگ بدات بەبێ ئەوەی پەنجەی مۆر بکات، بۆئەوەی رێکاریان بەرامبەر نەگیرێتەبەر."
لەبارەی گۆڕانکاریی دووەمیشەوە گوتی، "جاران رێژەی 5% بۆ ئەو دەنگدەرانە دیاریکرابوو کە پەنجەمۆریان نەیدەخوێندەوە، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ ناسینەوەی رووخسار، واتە ئەگەر دەنگدەرێک دوای 10 هەوڵ پەنجەمۆری نەیخوێندەوە، ئەوکات بە ناسینەوەی رووخساری دەتوانێت دەنگ بدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ