کۆمیسیۆن تاوەکو نیوەڕۆی دووشەممە سکاڵا وەردەگرێت

09-11-2025
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی دەوامی دووشەممە، 11-10-2025، بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی سکاڵاکان. بڕیارە ئەمشەو رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتدا ئاشکرا بکرێت.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 11-09-2025، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی دووشەممە، کۆمیسیۆن لە وەرگرتنی سکاڵاکانی تایبەت بە پڕۆسەی دەنگدان بەردەوام دەبێت."
 
بە گوتەی جومانە غەلای: "کاژێر 8ی ئەمشەو، کۆمیسیۆن کۆنگرەی رۆژنامەوانیی دەبێت و رێژەی بەشداریی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لەنێو هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکاندا بڵاودەکاتەوە."
 
سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییی دەنگدانی تایبەت، جومانە غەلای گوتی: "ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ دەنگدانی گشتی پێکەوە و دوای 24 کاژێر لە تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی رادەگەیێندرێت."
 
ئارام جەمال، رێکخەری تۆڕی چاو بۆ چاودێریی پڕۆسەی دەنگدان، کاتێک ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (9-11-2025)، قسەی بۆ ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەکرد، نیگەرانیی خۆی لەبارەی پێشێلکارییەکانەوە دەربڕی و ئاشکرای کرد، "تاوەکو ئێستا هەزاران پێشێلکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بردنەژوورەوەی مۆبایل پێشێلکارییەکی زەقە لە دەنگدانی تایبەتدا و لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراوە، ئەمەش کەمتەرخەمییە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە