کورد لە خورماتوو دوو بەربژێرى لەنێو دوو لیستى رکابەرى عەرەبی هەیە

10-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەربژێرانى کورد لە خورماتوو بەسەر دوو لیستى عەرەبیدا دابەش دەبن کە دوو جەمسەرى سەرەکى ململانێن لە پارێزگاى سەلاحەدین، بەڵام هەڵبژاردنى دوو لیستى بۆ یەکێتى و پارتى لەو سنوورە بۆ گەیشتنە بەو ژمارەی دەنگانەى دەتوانێت سەریان بخات.
 
بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە بازنەى سەلاحەدین، کەریم شوکر، تاکە بەربژێرى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانە کە لە لیستى 'جەماوەرى نیشتمانى' بەشدارە و ئەحمەد جبوورى ناسراو بە ئەبوو مازن، ئەمیندارى گشتیى حیزبەکەیە و یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانى سوننە لە سەلاحەدین و پۆستى پارێزگاریان بەدەستەوەیە.
 
ئەمڕۆ هەینی، مەلا حەسەن گەرمیانى، بەرپرسی مەڵبەندى یەکێتى لە خورماتوو بە رووداوى راگەیاند: بەشدارى بەربژێرانیان لە لیستى جیاوازدا لەبرى یەک لیست پەیوەندى بەوە هەیە کە ئەگەر بەیەک لیست بەشداربن ناگەنە ئەو ژمارەیەی کە بتوانن کورسییەک مسۆگەر بکەن، بۆیە سوود لەو لیستە گەورانە دەبینن.
 
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2014 لایەنە کوردستانییەکان لە خورماتوو بە یەک لیست بەشداربوون، بەڵام نەیانتوانى کورسییەک مسۆگەر بکەن.
 
شەیما مەحموود، بەربژێرى پارتى دیموکراتى کوردستانە لە سەلاحەدین، بۆ ئەم هەڵبژاردنە کە لەنێو لیستى هاوپەیمانیى عەزمى عێراق بەربژێرە کە موسەننا سامەڕائى سەرۆکایەتى دەکات.
 
کاوە شێخانى، نوێنەرى پارتى لە پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو دوو لیستەى کە بەربژێرانى ئێمە و یەکێتى تێدایە ململانێى گەورە لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام ئێمە لەنێو خۆماندا تەباین، بەشداریکردنمان لە دەنگدان بە لیستى جیا بۆ ئەوەیە بگەینە دەنگى پێویست بۆ دەرچوون."
 
لە هەڵبژاردنى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە ساڵى 2023، یەکێتى لەنێو لیستى پارتى جەماوەرى نیشتمانى یەک بەربژێرى هەبوو کە 10 هەزار و 884 دەنگى بەدەستهێنا و بووە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا، بەڵام بەربژێرى پارتى لەنێو لیستى حەسمى نیشتیمانى بەشداربوو 1415 دەنگى بەدەستهێنا و نەیتوانى سەرکەوتن مسۆگەر بکات.
 
 بە گوتەى هەردوو  بەرپرسەکەى پارتى و یەکێتى لە خورماتوو، جگە لە پشتبەستن بە دەنگى کوردانى قەزاى خورماتوو، کار بۆ بەدەستهێنانى دەنگى عەرەبی ناوچەکانى دیکەى پارێزگاى سەلاحەدین دەکەن.
 
پشکى سەلاحەدین بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق 12 کورسییە. رکابەریى سەرەکیی لایەنە کوردستانییەکان لە خورماتوو لەگەڵ تورکمانى شیعەیە کە لەو سنوورەن.
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى ساڵى 2023 لە سەلاحەدین جگە لە بەربژێرانى یەکێتى و پارتى، حیزبى شیوعى کوردستانیش بەربژێرى لەنێو لیستێکى دیکەى عەرەبی هەبوو، بەبێ ئەوەى دەنگى پێویست بۆ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت کە 714 دەنگ بوو.
 
هێمن داوودى، کارگێڕى کۆمیتەى خورماتووى حیزبى شیوعى بە رووداوى راگەیاند: ئێمە بڕیارمانداوە لە هەولێر دەنگەکانمان بۆ کۆتای کریستیان بێت.
 
بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، دەنگدەر لە هەر پارێزگایەک بێت دەتوانێت دەنگ بدات بە کۆتای پێکهاتەکان لە هەر پارێزگایەکى دیکە بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا قسە بۆ رووداو دەکات

تۆم باراک بۆ رووداو: فیدرالی و ناناوەندیبوون وەهمن؛ سەرسامین بە پرۆسەی سیاسیی عێراق

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستەواژەکانی وەک "ناوەندیبوون، ناناوەندیبوون و فیدرالی" تەنیا "وەهمی حکومەتەکانن" و جەختی کردەوە کە واشنتن بڕیاردان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن بۆ خەڵکی ناوچەکە جێدەهێڵێ؛ هاوکات "سەرسامی"ی خۆی بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەربڕی