رووداو دیجیتاڵ
لە کۆى 1.8 ملیۆن کەس کە لەدایکبووى ساڵانى 2006 و 2007ن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکەمجارە تەمەنیان بگاتە ئەوەى دەنگ بدەن، 786,3 هەزاریان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە کە رێگەیان پێدەدرێت دەنگ بدەن، کە 41.4%ى تێکڕاى لەدایکبووانى ئەو تەمەنەن، 58.8%ى ئەو دوو تەمەنە لە هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن، ئەگەرچى زیاتر لە 211 هەزار کەسیان مافى دەنگدانیان هەیە.
بەگوێرەى ئامارێک کە تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دەستی کەوتووە، ئەو کەسانەى بۆ یەکەمجارە تەمەنیان بگاتە ئەوەى بتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەن و کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، 786 هەزار و 398 کەسن.
لەدایکبووانى ساڵانى 2006 و 2007 بۆ یەکەمجارە تەمەنیان دەگاتە ئەوەى مافى دەنگدانیان هەبێت، ئەوانەیان کە کارتى بایۆمەترییان هەیە 3.6%ى ئەو دەنگدەرانەن کە دەتوانن لەم هەڵبژاردنە بەشداربن.
حەسەن زایر، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو تەمەنانەى دەتوانن بۆ یەکەمجار دەنگ بدەن، دەبێت تەمەنى 18 ساڵییان تەواو کردبێت.
تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدرێت کە بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەن، لە 11ى تشرینى دووەم کارتى بایۆمەترییان هەیە.
بەگوێرەى ئامارەکە، لەدایکبووانى ساڵى 2006 کە تەمەنیان گەیشتووەتە ئەوەى مافى دەنگدانیان هەبێت، 837 هەزار و 903 کەسن، بەڵام لەو ژمارەیە 448 هەزار و 532یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە، کە لە رێگەیەوە دەتوانن بەشدارى ئەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى عێراق بکەن، بەو پێیە 53.5%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە.
ژمارەى ئەو کەسانەى ساڵى 2007 لەدایکبوون و مافى دەنگدانیان هەیە، یەک ملیۆن و 58 هەزار و 116 کەسن، بەڵام 337 هەزار و 866 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە، بەو پێیە 31.9%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە کە دەتوانن دەنگ بدەن.
بە تێکڕا لە کۆى یەک ملیۆن و 896 هەزار و 19 کەس لە لەدایکبووانى ساڵانى 2006 و 2007 ، تەنیا 786 هەزار و 398 یان دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەن کە کارتى دەنگدانیان هەیە، کە 41.4%یان پێکدەهێنن.
58.8%یان لە کوردستان کارتی دەنگدانیان هەیە
لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان لەدایکبووانى ئەو دوو ساڵە کە بۆ یەکەمجارە تەمەنیان بگاتە ئاستى ئەوەى مافى دەنگدانیان هەبێت، 211 هەزار و 861 کەسن، بەڵام ئەوانەیان کە کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە 124 هەزار و 665 کەسن، بەوپێیە 58.8%یان دەتوانن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەنگ بدەن.
لەدایکبووانى 2006 لە هەولێر 39 هەزار و 251 کەسن، 25 هەزار و دوو کەسیان کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە، بەوپێیە 63.69%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە لە هەولێر کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە، لەدایکبووانى ساڵى 2007 لە هەولێر 39 هەزار و 984 کەسن، 21 هەزار و 273 یان کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە، بەوپێیە 53.2%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە لە هەولێر کارتى بایۆمەترییان دەرهێناوە و دەتوانن دەنگ بدەن.
لە پارێزگاى سلێمانى لەدایکبووانى 2006 گەیشتووەتە 36 هەزار و 349 کەس، 21 هەزار و 787 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، بەوپێیە 59.9%یان دەتوانن دەنگ بدەن، لەدایکبووانى ساڵى 2007 لە سلێمانى 38 هەزار و 475 کەسن، بەڵام 16 هەزار و 273 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە کە دەتوانن دەنگ بدەن، بەوپێیە 42.2%ى لەدایکبووانى ئەو ساڵە دەتوانن دەنگ بدەن.
ژمارەى لەدایکبووانى ساڵى 2006 لە دهۆک گەیشتووەتە 28 هەزار و 788 کەس، 21 هەزار و 75 یان کارتى دەنگدانیان هەیە، بەو پێیە 73.2%یان دەتوانن دەنگ بدەن، هەرچى ئەوانەن کە لە ساڵى 2007 لە دهۆک لەدایک بوون گەیشتووەتە 29 هەزار و 14 کەس، لەو ژمارەیە 19 هەزار و 255 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە، بەو پێیە 66.3%یان دەتوانن دەنگ بدەن.
لە 32 هەزار و 628 کەسى لەدایکبووى ساڵى 2006 لە کەرکووک، 20 هەزار و 393 دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، بەو پێیە 62.5%یان دەتوانن دەنگ بدەن، لە کۆى 40 هەزار و 445 لەدایکبووى ساڵى 2007 لە کەرکووک 19 هەزار و 946 یان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، بەوپێیە 46.8%ى لەدایکبووانى ئەو تەمەنە دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ