رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق راگیراوە، بڕیارە سبەی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. کۆمیسیۆن رایگەیاند، هەر کەناڵ و ماڵپەڕێک لەم یەک دوو رۆژەدا بانگەشە بکات، سزا دەدرێت.
رۆژی دووشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2025 نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی رێکارەکان، نابێت هیچ کەناڵ و ماڵپەڕێک بانگەشە بۆ لایەنە سیاسییەکان یان بەربژێران بکات و ژمارەکانیان بنووسێت؛ بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن."
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "خەڵك، لایەنە سیاسییەکان، بەربژێران و هەر کەسێک سەرپێچییەکیان بینی، دەتوانن کۆمیسیۆن ئاگادار بکەنەوە، ئێمەش رێکاری خۆمان دەگرینەبەر."
سەبارەت بە جۆری سزاکان، نەبەرد عومەر رایگەیاند، "بە پێبژاردن سزا دەدرێن، سزای پێبژاردن لەنێوان 10 بۆ 20 ملیۆن دینار دەبێت."
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و لیست و هاوپەیمانییەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد؛ پرۆسەکە تاوەکو 8ی تشرینی دووەمی 2025 بەردەوام بوو.
بڕیارە سێشەممە 11-11-2025 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ