ملیۆنان دەنگدەر چارەنووسی عێراق و کوردستان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان دیاریدەکەن

10-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، تێیدا زیاتر لە 20 ملیۆن و 90 هەزار کەس دەنگ دەدەن، دەنگدانیان لە 39 هەزار وێستگە دەبێت.
 
کۆی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەرن. لە دەنگدانی تایبەتدا یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، کە 6%ی کۆی گشتیی دەنگدەرانیان پێکدەهێنا.
 
دەنگدانی گشتی لە سەرتاسەری عێراق لە 39 هەزار و 285 وێستگە و 8 هەزار و 703 بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت، تێیدا 20 ملیۆن و 90 هەزار و 311 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 14.3%ی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستانن.
 
دەنگدەرانی سێ بازنەکەی هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 68 هەزار و 411 دەنگدەرن، دەکاتە 14.3%ی کۆی دەنگدەرانی عێراق.
 
زۆرترین ژمارەی دەنگدەر لەسەر ئاستی عێراق لە بەغدایە، 4 ملیۆن و 314 هەزار و 866 دەنگدەرن، 20%ی کۆی دەنگدەران پێکدەهێنن. کەمترین دەنگدەریش لە پارێزگای موسەننا دەبێت بە 510 هەزار و 867 دەنگدەر.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، جگە لەو 39 هەزار وێستگەیە، چوار وێستگەی دەنگدانی VIP دەکرێنەوە، کە یەکێکیان لە هەولێر و ئەوانی دیکە لە بەغدان. هەموو بنکەکانی هەڵبژاردن بە زیاتر لە 100 هەزار کامێرای چاودێری کۆنترۆڵ دەکرێن.
 
دوێنێ 9ی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، رێژەی بەشداریکردن لەسەر ئاستی عێراق 84% و لە هەرێمی کوردستان 98% بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە