عێراق
لادانی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر شۆستەکانی شاری موسڵ. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکان لە موسڵ دوو کەسیان لە دوو ناوچەی رۆژهەڵاتی شارەکە دەستگیرکرد، کە پۆستەری بەربژێرەکانیان دەدڕاند و ئەو پایە ئاسنانەیان دەدزی کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێندران.
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی شەممە 11-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن "دەروون نەخۆشن" و پێویستە رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. گوتیشی: "دەبێت روویەکی جوانی شارستانی پێشان بدەین و ئەو کارانەش رەفتاری تاکەکەسین."
فەرحان مەعمووری، بەرپرسی ئۆفیسی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی شەممە، 11-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گوێبیستی هەواڵی لەو شێوەیە بووین، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بەربژێر و لایەنێک لەسەر ئەو کارە سکاڵایان لە کۆمیسیۆن تۆمار نەکردووە."
لەوەتەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە 3ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، دیاردەی دڕاندنی پۆستەری بەربژێرەکان و رێکلامی لیستەکان لە چەند پارێزگایەک زیادیکردووە. ئەمەش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ناچار کردووە هۆشداریی تووند بداتە بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان و جەخت لەوە بکاتەوە کە تەواوی هەڵمەتەکە لەژێر چاودێریی توونددا دەبێت.
فەرحان مەعمووری جەختی لەوەشکردەوە کە هێرشکردنە سەر پۆستەری بەربژێرەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرایە و سزای یاسایی لەسەرە، داواشی لە هاووڵاتیان کرد هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان بکەن و لەکاتی بینینی هەر کارێکی تێکدەرانە، دەزگاکان ئاگادار بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ