رکابەریی نێوانیان تووندتر دەبێ؛ دەوڵەتی یاسا لیستەکەی سوودانی بە 'هەڕەشە لە فەرمانبەران ' تۆمەتبار دەکات

11-10-2025
هێمن عەساف
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرلیستی دەوڵەتی یاسا لە کەربەلا هۆشداری دەدات و دەڵێ : "هەڕەشە لە فەرمانبەران دەکرێت بەشداربن لە بانگەشەی هەڵبژاردندا". 
 
ئەمڕۆ شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، یاسر مالیکی، سەرلیستی دەوڵەتی یاسا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، لیستی ئاوەدانی و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، بە هەڕەشەکردن لە فەرمانبەران تۆمەتبار دەکات. 
 
ئەو بەربژێرەی دەوڵەتی یاسا دەڵێ : "دەوڵەتیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێنا ئەمجارەش هەڕەشە لە فەرمانبەران دەکەن و بەزۆر لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنیاندا بەشدارییان پێ دەکەن."
 
یاسر مالیکی لە پەیامەکەیدا نوسیوویەتی: "دۆخەکە لەوە دەرچووە سامانی دەوڵەت بۆ مەرامی هەڵبژاردن بەکاربێت، گەیشتووەتە ئەوەی هەڕەشە لە فەرمانبەران بکرێت بۆ بەشدارکردنیان لە گردبوونەوە جەماوەرییەکان و بانگەشەکانی هەڵبژاردن."
 
مالیکی دەشڵێ، "بەمەش نەوەستاون، فەرمانبەران و کارمەندانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانیش لە سەرجەم کەرتەکان دەقۆزنەوە بۆ مەرامی هەڵبژاردن."
 
سەرلیستی دەوڵەتی یاسا ئەوە بە " ئاماژەیەکی روون" بۆ لاوازی ئەو لایەنانە دادەنێ و دەڵێ :"کاریگەری بەسەر دۆخی گەشەپێدان و وەبەرهێنانی وڵات دادەنێن.''
 
دوێنێ لە کەربەلا، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئاهەنگێکی ناسینی بەربژێرەکانی ئەو هاوپەیمانییە بەڕێوەچوو، کە تێیدا سوودانی گوتارێکی پێشکێشکرد. 
 
رۆژی 27-09-2025، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە لیستی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکات و دواتر دەبنە یەک کوتلە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، تەنیا بە رەزامەندیی چوارچێوەکە دەتوانێت خولی دووەم وەربگرێتەوە. مالیکی هۆشداریی دا لەوەی بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، هاوسەنگیی کێبڕکێ تێکدەدات.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، سوودانی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەکات.  نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ: "مەرجی چوارچێوەکە ئەوە بووە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، پارتێکی سیاسی دروست نەکات کە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بکات، حکومەتەکەی ئەو بە یەکجار 8600 "نووسراوی سوپاس و پێزانین"ی دەرنەکردووە، وەکو ئەوەی ئەم دواییە روویدا، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ محەممەد شیاع سوودانی.
 
بڕیارە دوای مانگێکی دیکە لە 11-11-2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆن ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە، کە بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق رکابەری دەکەن.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەرن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە