لە نەجەف کۆمیسیۆن بە 30 تیم چاودێریی سەرپێچییەکانی بانگەشە دەکات

12-10-2025
هێمن عەساف
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوسینگەی نەجەفی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند 30 تیمی بۆ چاودێریکردنی سەرپێچییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن پێکهێناوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، یاسر عەمار توێج، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەڵبژاردنی نەجەفی ئەشرەف، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکی سەبارەت بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکە بڵاوکردەوە.
 
یاسر عەمار توێج، راگەیاند: "30 تیمی چاودێری لە ناوەوە و دەرەوەی پارێزگاکە بڵاوکراونەتەوە و لە ماوەی پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی بانگەشەی بەربژێرەکانەوە دەستیان بە کارەکانیان کردووە."
 
راشیگەیاند: "ئەو تیمانە ژمارەیەک سەرپێچییان تۆمار کردووە و راپۆرتیان لەبارەیانەوە بۆ لیژنەی ناوەندیی چاودێری بەرز کردووەتەوە." 
 
ئاماژەی بەوەشدا، "پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، زیاتر لە 100 سەرپێچی تۆمار کراون و سزای پێبژاردنی دارایی پێویست لەسەریان وەرگیراوە، جگە لەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری لەبارەیانەوە دەرکردووە." 
 
جەختی لەوەشکردەوە سزاکانی پێبژاردن دوای ئاگادارکردنەوەی یەکەم و هۆشداری پێدانیان لەلایەن لیژنەی ناوەندیی چاودێری، تۆمارکراوە، بڕی سزاکانیش لە نێوان دوو تا پێنج ملیۆن دینار بووە. 
 
توێج، ئەوەشی خستەڕوو "کارەکان بەردەوامن لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ چاودێریکردنی سەرپێچییەکان و بەرزکردنەوەیان، بە مەبەستی سەپاندنی سزای پێبژاردنی دارایی بەسەر سەرپێچیکاراندا."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە