پرۆسەی گواستنەوەی زانیاریی دەنگدان تاقیکرایەوە؛ 'سەرکەوتوو بووە'

12-10-2025
هێمن عەساف
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە نەینەوا  لقی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پرۆسەی گواستنەوەی داتای هەڵبژاردنی تاقیکردەوە و دەڵێ، "سەرکەوتوو بووە".  
 
رۆژی یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، پرۆسەی ناردن و گواستنەوەی زانیاریی دەنگدان لە بنکە و وێستگەکانی دەنگدان لە نەینەوا بەڕێوەچوو. سوفیان مەشهەدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەم پارێزگایە بە رووداوی راگەیاند، "پرۆسەکە سەرکەوتوو بووە".
 
تاقیکردنەوەی پرۆسەی گواستنەوەی زانیارییەکان، لە کاژێر 12:00 تاوەکو کاژێر 18:00 بۆ ناوەندی سەرەکیی کۆمسیۆن لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە شەش کاژێردا تاقیکردنەوەکە لە کۆی 873 بنکەی دەنگدان لە 136 بنکە کە لە رێگەی تیروپشک و دابەشکاری جوگرافییەوە دەستنیشانکرا و بەڕێوەچوو.
 
سوفیان مەشهەدانی دەڵێ: "لە چوار بنکەی پارێزگاکە، سێ جار پرۆسەکە لەسەر داوای ناوەندی سەرەکیی کۆمیسیۆن، تاقیکرایەوە، تیمە ئەندازیار و تەکنیکییە بەشداربووەکان پەسندیان کرد، دەرکەوت تەواوی زانیارییەکان وەکو خۆی بۆ ناوەندی سەرەکیی کۆمیسیۆن لە بەغدا نێردراون.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی لقی کۆمیسیۆن لە نەینەوا: "تاقیکردنەوەی دووەم و سێیەمیش دەکرێت پێش دەنگدانی تایبەت لە 9ـی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتی لە 11ـی تشرینی دووەم، بەڵام کاتەکەی دیارینەکراوە".
 
سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی کارتەکانی بایۆمەتری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە نەینەوا رایگەیاند: "پێشوازیی خەڵک باشە لە وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان، رۆژانە نزیکەی 10 هەزار کەس سەردانی نووسینگەکانی پارێزگاکە دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، تاوەکو ئێستاش زیاتر  لە 200 هەزار کارتی دەنگدان دابەشکراون." 
 
لە نەینەوا 438 هەزار کارتی نوێی بایۆمەتری لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو گەیشتە دەستی لقی کۆمیسیۆن، 300 هەزار کارت تازەش چاپکراون، بەشێکیان کارتی کۆنن و نوێکراونەتەوە، 138 هەزار کارتی دیکەش بۆ ئەو کەسانە چاپکراون، یەکەم جارە دەنگ دەدەن و  تەمەنیان گەیشتووەتە 18 ساڵ، بەشێکیشیان ئەو کەسانەن پێشتر هیچ کارتیان نەبووە و بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکیان نەکردووە.
 
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە سەرانسەری وڵاتدا زیاترە لە 21.4 ملیۆن کەس، کە نزیکەی 20 ملیۆنیان لە دەنگدانی گشتیدا و نزیکەی 1.3 ملیۆنیشیان لە دەنگدانی تایبەتدا (هێزە ئەمنییەکان، ئاوارەکان، نەخۆشەکان و زیندانییەکان) بەشدارن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە