عێراق
کارمەندێکی کۆمیسیۆن رێنوێنیی دەنگدەرێک دەکات لە هەڵبژاردنێکی رابردووی پەرلەمانی عێراق. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
لە 3ی ئەم مانگەوە تۆمارکردنی وڵاتان و کۆنسووڵخانەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
رۆژی یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025 هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەڵبژاردنەکاندا چاودێرانی نێودەوڵەتی و رێکخراو و دامەزراوەکان چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقیش تۆمارکردن دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا چەند دامەزراوە و وڵاتێک بەشدارییان کردووە."
لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە، تۆمارکردنی وڵاتان بۆ چاودێریی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە. هۆگر چەتۆ دەڵێت، "تاوەکو هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکان، واتە 3ی تشرینی دووەم، بەردەوام دەبێت."
بە گوتەی رێکخەری تۆڕی شەمس، کۆمیسیۆن بانگهێشتنامە بۆ رێکخراو و باڵیۆزخانەکان دەنێرێت. گوتیشی، "تاوەکو ئێستا کۆنسووڵخانەی بەریتانیا، یەکێتیی ئەورووپا، کۆمکاری عەرەبی، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، باڵیۆزخانەی بەریتانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندینی دیکەش خۆیان تۆمار کردووە."
بڕیارە 11ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکرێت. هۆگر چەتۆ باسی لەوە کرد: "بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە، بانگهێشتنامە بۆ زیاتر لە 30 وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دەنێردرێت و کۆمیسیۆنیش باجیان پێدەدات".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، زیاتر لە 12 دامەزراوەی جیاواز و 6 کۆنسووڵخانەی وڵاتان چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد کە وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا، تورکیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەلەستین بوون و یەکێتیی ئەورووپاش پاڵپشتیی رێکخراوەکان بووە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9ـەکەی دیکە کۆتان؛ زیاتر لە 7,000 کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە پاڵاوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ