رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق خۆی بەربژێر کرد، بەربژێربوونی مەلا بەختیار بۆ پۆستەکە رەتکرایەوە، رووداو هۆکارەکەی دەخاتەڕوو. نووسینگەکەشی دەڵێت، تانەی لێ دەدەن.
نووسینگەی تایبەتی مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی راگەیاند، "دوورخستنەوەکە راستە، بەڵام سێ رۆژ دەرفەتی تانەدان هەیە و بەهۆی ئەوەی پشوویەکی تێدەکەوێت، چوار رۆژ کاتمان هەیە و تاوەکو یەکشەممە تانەی لێدەدەین."
هۆکاری رەتکردنەوەی مەلا بەختیار چییە؟
هۆکاری رەتکردنەوەی بەربژێربوونی مەلا بەختیار دوو خاڵی سەرەکی بووە، یەکەمیان ناسنامەی دایکی و دووەمیش بڕوانامەیەک کە ئەو سیاسەتمەدارەی هەرێمی کوردستان ساڵی 2013 بەدەستیهێناوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، دایکی مەلا بەختیار کە لە ساڵی 1952ەوە لە ژیاندا نەماوە، بەهۆی دەرکردنیان لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە لە سەدەی رابردوودا، نەتوانراوە ناسنامەی عێراقیی بۆ دەربهێندرێت و ئێستا ئەوەی وەکو کێشە بۆ دیاریکراوە.
نووسینگەکەی مەلا بەختیار دەڵێت، "کاک بەختیار بڕوانامەی دیکەی هەیە، لەو رۆژانەی لەبەردەستدان لەگەڵ ناسنامەی دایکیان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت و بەربژێربوونەکەی دەکرێتە فەرمی."
رۆژی 5ی ئەم مانگە نووسینگەی تایبەتی مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری کوردستان و ئەندامی پێشووی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەڕێز مەلا بەختیار بە فەرمی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق خۆی بەربژێر کرد."
نووسینگەکەی رایگەیاند، "مەلا بەختیار وەکو کەسێکی بێلایەن خۆی بەربژێر کردووە و هێشتا خۆی بە یەکێتی دەزانێت، بەڵام ئێستا نایەوێت نە دژایەتیی بەربژێری یەکێتی بکات و نە دژایەتیی بەربژێری پارتی، بەڵکو دەیەوێت لەو نێوەندەدا ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەو بتوانێت هۆکاری رێککەوتنیان بێت و ببێتە بەربژێری هاوبەشی کورد."
مەلا بەختیار کێیە؟
- لە 20ی ئابی ساڵی 1954 لە خانەقین لەدایكبووە.
- لە 10-06-1970 پەیوەندی بە كۆمەڵەی (ماركسی - لینینی)یەوە کردووە.
- لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە.
- لە ساڵی 1975 بە فەرمانی سەركردایەتی كۆمەڵەی (ماركسی - لینینی) دەگەڕێتەوە بۆ شاری خانەقین.
- یەكێك بووە لەوانەی ناوی لە لیستی داواكراوانی حكومەتی عیراق بووە.
- لە ساڵی 1975 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان.
- لە ساڵی 1976 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
- لە ساڵی 1978 بووەتە لێپرسراوی هەرێمی ناوچەی هەڵەبجە.
- لە ساڵی 1982 لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی یەکێتی بووە.
- لە ساڵی 1984 ئەندامی تیمی دانوستاناندكاری كوردی بووە لەگەڵ حکومەتی ئەو کاتی عێراق.
- لە ساڵی 1991 لە راپەڕین رۆڵی هەبووە.
- لە ساڵی 1992 بەشداری كۆنگرەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی عێراقی كردووە لە ڤیەننا.
- لە ساڵی 1993 بووەتە لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەکێتی.
- لە ساڵی 1995 بووەتە سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان.
- لە ساڵی 1995 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.
- لە ساڵی 2001 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
- لە ساڵی 2009 بووەتە ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەکێتی.
- لە ساڵی 2010 بووەتە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەکێتی.
- جگە لە کاری سیاسیی، نووسەی چەندین کتێب و نامیلەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ