زیاتر لە 2000 عومرەکار 18 کاژێر لە دەروازەی عەرعەر راگیران

13-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 50 پاسی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دەروازەی عەرعەر لە دیوی سعودیەوە راگیران و پاساوەکەش هەبوونی مادەی رێگەپێنەدراو بووە بۆ سعودیە.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نیوەشەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ قەرەباڵخییەک لە دیوی سعودیەوە دروستبوو؛ لە دیوی عێراقەوە هیچ کێشەیەک نەبوو. بەو هۆیەوە نزیکەی 50 پاسی عومرەکاران بۆ ماوەیەک راگیران."
 
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی، "دەستەی حەجی عێراقی ئاگاداری کردینەوە کە هۆکارەکە هەبوونی مادەی رێگەپێنەدراوە بۆ سعودیە لەنێو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان. بە گوێرەی زانیاری ئێمە، ئۆتۆمبێلی عێراق بووە نەوەک هەرێمی کوردستان."
 
کاروان ستوونی دەڵێت، "نزیک کاژێر 07:00ـی ئەمڕۆ هەموو عومرەکارەکان دەروازەکەیان بەرەو سعودیە جێهێشت، ئەویش دوای راگیرانیان بۆ نزیکەی 18 کاژێر."
 
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد، "دڵنیایی دەدەینە ئەوانەی لە رێگەدان یان دەیانەوێ بۆ مەبەستی عومرە بچنە سعودیە، هیچ کێشەیەک نییە و تەنیا بەهۆی پشکنینەوە دەربازبوون خاوبووەتەوە، ئەگەرنا هەموو گەشتەکان دەکرێن."
 
 
ستوونی گوتی، "خاوبوونەوەی بەڕێکردنی عومرەکاران بە جۆرێکە، دوێنێ لە چوار کاژێردا تەنیا 10 پاس بەڕێکراون."
 
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، هاوئاهەنگی تەواویان لەگەڵ دەستەی حەج و عومرەی عێراق هەیە و لەسەرهێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگییەکان.
 
جگە لە گەشتە وشکانییەکان، گەشتە ئاسمانییەکانی عومرە بەردەوامن و گرفتیان بۆ دروست نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە