رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای نەینەوا یەکێتی چاوی لە دوو کورسی پەرلەمانە و پارتیش دەیەوێت پارێزگاری لە ژمارەی کورسییەکانی بکات یان زیاتری بکات.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، یەکێتی بە لیستی هاوپەیمانی، پارتیش بە لیستی سەربەخۆ و 63 بەربژێرەوە دەچێتە نێو رکابەرییەکانی هەڵبژاردن.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی دووشەممە، 13-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتی بە هاوپەیمانیی 'یەکێتیی خەڵکی نەینەوا' بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو پارێزگایە دەکات، لیستێکی تێکەڵە لە نەتەوە و ئایینی جیاواز.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، لە هەڵبژاردنی رابردوودا پارتی9 کورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، لەو هەڵبژاردنە 63 بەربژێری هەیە، چاوی لەوەیە پارێزگاری لە ژمارەی کورسییەکانی بکات یان زیاتری بکات .
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی و بەربژێری ئەو حیزبە بۆ خولی نوێی پەرلەمان، رۆژی دووشەممە، 13-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین پارێزگاری لە کورسییەکانمان بکەین، بە دڵنیاییەوە پارتی دەبێتە لیستی یەکەم لە سنووری پارێزگای نەینەوا'.
لای خۆیەوە محەممەد جاسم کاکەیی دەڵێ :"چاومان لە دوو کورسی پەرلەمانە لە بازنەی نەینەوا ".
رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن سەنگ و بەهای کورسییەکان و ژمارەی دەنگی لایەنەکان دیاری دەکات، بەرپرسەکەی یەکێتی دەڵێ: "هەرچەندە رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، بەتایبەتی لە سەنتەری موسڵ کەمتر بێت، ئەوەندە لە بەرژەوەندیی لایەنە کوردستانییەکانە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و کورسیی زیاتر لە ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگاکەدا.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ