رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری سەفا مەشهەدانی، بەربژێری کوژراو لە تارمیەی بەغدا چیرۆکی رووداوەکە دەگێڕنەوە و داوا دەکەن حکومەت بە خێرایی تۆمەتبارانی کوشتنی ئەو بەربژێرە ئاشکرا بکات.
سەفا مەشهەدانی لە ناوچەی تارمییە بەهۆی بۆمبێکەوە، کە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لکێندرابوو، کوژرا؛ ئاراس حەمەد، ئامۆزای سەفا مەشهەدانی وردەکاریی رووداوەکە و داوای کەسوکاری کوژراوەکە بۆ رووداو باس دەکات و دەڵێت، "سەفا پێشتریش چەندین جار هەوڵدرابوو بکرێتە ئامانج، بەڵام خۆڕاگر بوو، ئەو بەرگریی لە مافی خەڵکی تارمییە و ناوچەی دیکە دەکرد، هێشتا نازانین کێ کردوویەتیە ئامانج، چونکە سەفا ئامانجی زیاتر لە لایەنێک بوو، لە پرسی جیاوازدا، بەشێکی سیاسی بوو، بەشێکی دیکەی پەیوەست بوو بە ناوچەکەی و بەرگری لە ناوچەی تارمییە.''
ئاراس حەمەد دەڵێت، "کوشتنی سەفا بە رای ئێمە نیشتمانییە، نەک پرسی کۆمەڵگەیەک و پێكهاتەیەک، ئەو هەر لە ئەنجوومەنی پارێزگاوە تاوەکو کۆمەڵێک پۆستی دیکە بەردەوام بەدوای ئەو پرسانەوە بوو دەوڵەت پشتگوێی خستبوو، کەچی دەبینین ئەمڕۆ لە رووداوێکی تەمومژاویدا لە ناوەندی بەغداوە دێتە تارمییە لەدوای یاریی هەڵبژاردەی عێراق، هەر لەگەڵ گەیشتنی بە ناوچەی تارمییە، ئۆتۆمبێلەکەی تەقیوەتەوە. لە کوێ بۆمب بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لێکندراوە؟ لە تارمییە بووە؟ ئایا لەوێ کراوەتە ئامانج؟ یان لە رێگەدا پاش تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانی بووە؟''
کەسوکارەکەی سەفا مەشهەدانی رووی دەمیان دەکەنە حکومەتی عێراق و دەڵێن، "دەبێت هێڵەکانی ئەو رووداوە دیاری بکرێن، دەبێت دەوڵەت و دەسەڵاتداران واز لە پێکهێنانی لیژنە بهێنن، چەند رۆژێک لێی دەکۆڵنەوە و دواتر وازی لێدەهێنن، نابێت بەم شێوەیە بێت، دەبێت راستییەکان ئاشکرا بکرێن، سەفا لە ناوەندی شارەوە هاتووەتە تارمییە، کامێرا هەن و دەبێت هەواڵگری لەو بابەتە بکۆڵێتەوە، چونکە خۆ خوێنی سەفا ئاو نییە بڕوات، پەنا بە خوا خوێنی بەفیڕۆ ناچێت.''
ئامۆزای بەربژێرە کوژراوەکە هەروەها دەڵێت، ''چاوەڕێین، یان دەردەکەوێت دەوڵەت هەیە و راستییەکان ئاشکرا دەکرێن، یان بە پێچەوانەوە دەبێت. دەمانەوێت دەوڵەتی خەڵک و هاوبەشی هەبێت و بەدوای ئەوانەوە بێت کە لە یاسا دەرچوون.''
ئەو دەڵێت، "داواکاریمان روونە، بەناوی خەڵکی تارمییە، بە گەنج و پیرەوە، ئەگەر راستییەکان ئاشکرا نەکرێن، هەڵوێستی دیکەمان دەبێت."
سەفا مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، دوای لکاندنی بۆمب بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە و تەقینەوەی بۆمبەکە، گیانی لەدەستدا. بەپێی نووسینگەکەی بۆ رووداو، کەسێکی دیکەش لە رووداوەکەدا بریندارە، پۆلیسی بەغدا رۆژی چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ