رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی،سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی کوژرانی سەفا مەشهەدانی، بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پێکهات.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای نیوەشەو، بۆمبێکی لکێندراو کە لەژێر ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆ دانرابوو، تەقییەوە. ئۆتۆمبێلەکەی سەفا حوسێن یاسین مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمان لە گەڕەکی زوبات لە قەزای تارمییەی باکووری بەغدا، تەقێندراوەتەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، مەشهەدانی گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش کە لەگەڵیدا بوون بریندار بوون."
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تیمێکی کاریی هاوبەشی هونەریی تاوانکاری و لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پێکهێنراوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی رووداوەکە."
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، بەربژێری ژمارە 26 بوو لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات.
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێ. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ