رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا کارتی دەنگدان بۆ زیندانییانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، دروست نەکراوە. هەر زیندانییەک بایۆمەتریی نەبێت، ناتوانێت دەنگ بدات، دەنگدانیش تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە سزاکەیان لە 5 ساڵ کەمترە.
رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025 ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیندانییان کارتی دەنگدانیان نییە، 15 رۆژ پێش ئێستا نووسراومان بۆ کۆمیسیۆنی عێراق کردووە، چاوەڕێی وەڵامین، ئایا زیندانیان دەتوانن دەنگ بدەن و دەنگدانیان بە چ شێوەیەکە؟ هێشتا کۆمیسیۆن وەڵامی نەداوینەتەوە."
بەپێی ئاماری ئەمڕۆی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، 6 هەزار زیندانی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن. ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، "هێشتا کات ماوە ئەگەر وەڵاممان بدەنەوە، ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە، لەوانەیە بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن."
ئەیسەر یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "بەپێی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن، ئەو زیندانییانەی سزاکەیان لە 5 ساڵ زیاترە، ناتوانن دەنگ بدەن، بەڵام ئەوانەی کەمترە لە 5 ساڵ، ئەگەر رەزامەندیی دەرچوونیان بۆ بکرێت، بۆئەوەی دەنگ بدەن، دەتوانن بەشداریی دەنگدان بکەن."
بە گوتەی ئەیسەر یاسین، ئەو زیندانیانەی لە مانگی ئاداردا مامەڵەی بایۆمەترییان کردووە دەتوانن دەنگ بدەن. ئەو گوتیشی، "ئێستا زۆر درەنگە و ئەوانەی بایۆمەترییان نەکردبێت، ناتوانن دەنگ بدەن."
بڕیارە رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ