رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ژمارەیەکی پێوانەییان لە بەرهەمهێنانی کارەبادا تۆمارکردووە و بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 28 هەزار و 100 مێگاوات. هاوکات وەزارەتەکە ئاسانکاری بۆ دانەوەی قەرزی کارەبا بە شێوازی قیست رادەگەیێنێت.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی پلانێکی تۆکمەوە گەیشتوونەتە لووتکەی بەرهەمهێنان و گوتی: "پلانەکە گرێبەستی چاککردنەوەی درێژخایەن، نوێکردنەوەی وێستگەکان، دامەزراندنی سیستمی ساردکەرەوەی پێشکەوتوو و سوود وەرگرتن لە سووتەمەنی هاوردەکراو لە خۆدەگرێت."
46٪ی کارەبای عێراق بە فیڕۆ دەچێت
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لە کێشەی بەفیرۆچوون کرد و گوتی: "دەگاتە 46٪". هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەشێک لە هاوبەشان پێوەری کارەبایان نییە، بە تایبەتی لەو خانوو و باخانەی بە زێدەڕۆیی دروست کراون."
سەبارەت بە قەرزی کارەبا، ئەحمەد موسا ئاماژەی بەوەدا کە داتایەکی وردیان لەبەردەست نییە لەبارەی بڕی قەرزەکان، بەڵام گوتی، ئاسانکاریی زۆریان بۆ هاوبەشان کردووە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان بە قیست.
ئێستا عێراق زیاتر لە 28 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لە کاتێکدا عێراق بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، پێویستی بە 55,000 مێگاوات کارەبایە.
وەزارەتی کارەبای عێراق، سەرقاڵی ئەوەیە کارەباکەی فرەسەرچاوە بکات، جگە لە کڕینی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و ئێران، دەیەوێت کارەبا لە رێگەی وزەی خۆریشەوە بەرهەم بهێنێت.
ئەحمەد موسا رایگەیاند، "دەستمانکردووە بە جێبەجێکردنی قۆناخەکانی کارکردن بە وزەی خۆر، لە هەنگاوی یەکەمدا، کارەبای 534 باڵەخانەی حکومی لە وزەی خۆر دابین دەکەین، بۆ ئەم مەبەستەش گرێبەستمان لەگەڵ دیارترین کۆمپانیاکانی ئەو بوارە وەک کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و پاوەرچاین و بنمور کردووە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئاماژەی بەوەدا ئەو جۆرە پرۆژانە جگە لەوەی بەرهەمی کارەبا زیاد دەکەن، کاریگەرییان لەسەر پاکبوونەوەی ژینگەش دەبێت، بەو پێیەی کارەبای عێراق لە رێگەی ئەو وێستگانەوە بەرهەم دێت، کە بە سووتەمەنی کار دەکەن.
ئەحمەد موسا گوتی: "هەر لەو چوارچێوەیەدا، حکومەت قەرزی ئاسانی بۆ هاووڵاتییان دابینکردووە لە رێگەی بانکی ناوەندیی عێراقەوە بۆ کڕینی سیستمی وزەی خۆر بۆ ماڵان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ