کۆمیسیۆن جگە لە پەنجەمۆر بژاردەی رووخساریش بۆ دەنگدان بەکاردێنێ

16-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر لە هەموو هەڵبژاردنێکی عێراق دووبارە دەبێتەوە، ئەمجارە کۆمیسیۆن بژاردەیەکی دیکە بۆ ئەو کەسانە لە دەنگدان بەکاردێنیت، ئەویش لەرێگەی رووخسارەوە (Face ID) دەتوانن دەنگ بدەن.
 
خالید عەباس، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 16-10-2025 بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی یاسای ژمارە 4ی هەموارکراوی ساڵی 2023ی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەر وێستگەیەک تەنیا 5%ی دەنگدەران رێگەیان پێدەدرێت بەبێ خوێندنەوەی پەنجەمۆر دەنگ بدەن".
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو. خالید عەباس گوتی: "ئەوکات 400 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان پەنجەمۆریان نەخوێندرایەوە، ئەوان بەپێی یاسای ژمارە 4ی هەموارکراوی ساڵی 2023، دەنگیان دا کە 5% بوو لە هەر وێستگەیەک، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رێگەی زیادکردنی کامێرایەک بۆ ئامێری بەراوردکاری، گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە."
 
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی دهۆک:" بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە رێگەی کامێرای ئامێری بەراوردکارییەوە  ئەوکەسانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە دەنگ دەدەن، ئەو دەنگدانەی لەڕێگەی رووخسارەوە دەبێت، لە پێنج خاڵەوە رووخساری دەنگدەر وەردەگیرێت، چەناگە، چاوەکانی، لەبەرامبەر و لەسەر هەردوولا، دواتر ئەو وێنەیە لەگەڵ وێنە بایۆمەترییەکەی بەراورد دەکرێت، ئەگەر وەکو یەک بوو دەتوانێ دەنگ بدات".
 
لەبارەی ئەو کەسانەی جوانکارییان کردووە،  خالید عەباس دەڵێ: "لە ماوەی رابردوودا تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنمان کرد بۆئەوەی بزانین ئامێرەکانی دەنگدان کێشەیان هەیە یان نا، ئەوکات تاقیکردنەوەکانمان لەسەر ئەو کەسانەش کرد جوانکاریی چەناگە، بۆتۆکس، فیلەر و چاویان دانابوو، توانیان دەنگ بدەن، مەگەر کەسێک 90% بۆ 100%ی رووخساری گۆڕیبێت".
 
رۆژی 20ی تەممووزی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری داوە بەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی دەنگدان هەڵبوەشێنێتەوە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا پێویست بوو دەنگدەر دوای دەنگدان پەنجەی بخاتە نێو مەرەکەبەوە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بکرێت. لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیش کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووە و دەتوانن دەنگ بدەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە