رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بڕیاریانداوە ئەو یارییە ئەلکترۆنییانە قەدەخە بکەن کە هانی تووندوتیژی دەدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تشرینی یەکەمی 2025، مەنسوور عەلی، یاریدەدەری بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری پۆلیس بە رووداوی راگەیاند، "لەم چەند مانگەی داهاتوودا دەستدەکرێت بە بلۆککردن و وەستاندنی یارییە ئەلیکترۆنیەکانی وەک پەبجی، فۆرتنایت و رۆبلۆکس، چونکە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەفیڕۆدانی پارە و کاتەکانی منداڵان و هەرزەکاران."
مەنسوور عەلی ئاماژەی بەوەدا قەدەخەکردنی ئەو یارییانە بە پشتبەستن بە بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2013 دەبێت، کە هاوردەکردن، بەرهەمهێنان، مامەڵەکردن و فرۆشتنی ئەو یارییانەی کە هاندەرن بۆ تووندوتیژی و ئەو یارییە ئاگرینانەی هەڕەشە لە ئاسایش دەکەن، قەدەخە کردووە.
یاریدەدەری بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری پۆلیس بە رووداوی راگەیاند، "لەسەر داوای وەزارەتی بازرگانی، لیژنەی نیشتمانیی هەمیشەیی بۆ رێکخستنی چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە هاوئەهەنگی لەگەڵ پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان، دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم یارییە ئاگرین و تووندوتیژانە."
بە گوێرەی ئەو یاسایە، هەر کەسێک هاوردە یان بەرهەمهێنان، یان مامەڵە و فرۆشتن بەو یارییانە بکات، کە هاندەرن بۆ تووندوتیژی یان یارییە ئاگرینە مەترسیدارەکان، سزای بەندکردن بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ یان پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری عێراقی بەسەردا دەسەپێنرێت.
مەنسوور عەلی گوتی، پار زیاتر لە تۆن و ئەم ساڵیش تاوەکو 4 بۆ 5 تۆن یاریی ئاگرین دەستی بەسەردا گیراوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پۆلیس پار زیاتر لە 200 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکان بریندار بوون، کە بەشێکیان برینەکانیان قورس بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ