رووداو دیجیتاڵ
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت، "ئەمڕۆ 12 هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانمان گەڕاندەوە کە نزیکەی دوو مانگ بوو لە لیبیا گیریانخواردبوو".
رۆژی هەینی، 17ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای نزیکەی دوو مانگ هەوڵ و بەدواداچوونمان، ئەمڕۆ توانیمان 12 هاووڵاتی کە لە رێگەی نایاساییەوە بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لە لیبیا گیریان خواردبوو، بگەڕێنینەوە بۆ عێراق."
بە گوتەی ئەحمەد سەحاف، "ئەو 12 کەسە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا ئەو رێگەیەیان گرتبووەبەر، بەڵام لە لیبیا گیریان خواردبوو و حکومەتی لیبیاش لە کامپێکی تایبەت بە پەنابەران لە ناوچەی تاجوورای پایتەختی وڵاتەکە نیشتەجێی کردبوون."
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت: "باڵیۆزخانەی عێراق خواردن، پێداویستی رۆژانە و پزیشکی بۆ دابین دەکردن. دوای هاوئاهەنگیکردنمان لەگەڵ حکومەتی لیبیا، کاژێر 04:30ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە گەڕێندرانەوە."
هاوکات د. موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی گوت، "هەوڵی زۆرماندا تاوەکو بە هاوکاریی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەو 12 هاونیشتمانییەمان گەڕاندەوە و کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی سبەی دەگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
بە گوتەی د. موسەنا ئەمین، "جگە لەو 12 هاونیشتمانییە؛ 4 هاونیشتمانی دیکە لە شاری بەنغازی و دووانی دیکەش لە تەرابلووسن کە کوردن، ئەوانیش لە هەمان بارودۆخدان و هەوڵ دەدەین بیانگەڕێنینەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، "نزیکەی 10 رۆژ پێش ئێستا تەرمی گەنجێکمان بە ناوی رامیار لە لیبیا گەڕاندەوە، کە دانیشتووی قەڵادزێ بوو و بەشێک بوو لەو کۆمەڵە گەنجەی کە دەگەڕێندرێنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو زووتر رێگەکەی گرتووەتەبەر و لە ئاوەکانی گەیشتن بە ئەورووپا خنکا."
چەند ساڵێکە کۆچبەران لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە دەچنە تونس و لیبیا، لەوێوە بە بەلەم دەچنە ئەورووپا و داوای مافی پەنابەری دەکەن.
توبروق نزیکترین خاڵی سنووریی لیبیایە بۆ ئەورووپا و ماوەی گەیشتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە لیبیاوە بۆ یەکەم خاڵی سنووری خاکی ئەورووپا کە شارۆچکەی جیاوتۆرێی ئیتاڵییە، نزیکەی 23 کاژێر دەخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ