رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری میدیای دیجیتاڵی (DMC) ئاشکرای دەکات، ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بۆ ساڵی 2025 گەیشتووەتە زیاتر لە 34 ملیۆن کەس، کە دەکاتە نزیکەی 74%ی دانیشتووان؛ لەنێو پلاتفۆرمەکانیشدا "تیکتۆک" لە پلەی یەکەم دێت.
سەنتەری میدیای دیجیتاڵی (DMC) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان کە لەلایەن هەردوو دامەزراوەی (We Are Social) و (Meltwater)ـەوە ئامادە کراون، ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بەراورد بە ساڵی 2024 زیادیکردووە.
ساڵی 2023 ژمارەی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە عێراق 31.95 ملیۆن بوو، بەڵام پار گەیشتووەتە 34.3 ملیۆن کەس، واتە 73.8%ی دانیشتووان بەکارهێنەری سۆشیاڵ میدیان.
موهەنەد حەبیب سەماوی، سەرپەرشتیاری گشتیی سەنتەری میدیای دیجیتاڵی رایگەیاند، "داتاکان گۆڕانکاری لە شێوازی بەکارهێنانی هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق نیشان دەدەن؛ بەشێک لە پلاتفۆرمەکان گەشەی خێرایان کردووە و بەشێکی دیکە پاشەکشەیان کردووە."
تیکتۆک یەکەمە
بەپێی ئامارەکە، تیکتۆک زۆرترین بەکارهێنەری لە عێراق هەیە و ژمارەیان گەیشتووەتە 34.3 ملیۆن، کە بەراورد بە پێرار 2.35 ملیۆن بەکارهێنەری بۆ زیاد بووە. لە بەرامبەردا، هەریەک لە یوتیوب و مەسنجەر دابەزینیان بەخۆوە بینیوە؛ بەکارهێنەرانی یوتیوب لە 22.80 ملیۆنەوە بۆ 22.3 ملیۆن کەمبوونەتەوە و مەسنجەریش بۆ 15 ملیۆن دابەزیوە.
ژمارەی بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکانی دیکە لە ساڵی 2025 بەم شێوەیە بووە:
فەیسبووک: 20.1 ملیۆن (پێشتر 19.30 ملیۆن بوو).
ئینستاگرام: 19.0 ملیۆن (پێشتر 18.25 ملیۆن بوو).
سناپچات: 18.5 ملیۆن (پێشتر 17.74 ملیۆن بوو).
ئێکس (تویتەر): 2.65 ملیۆن (پێشتر 2.55 ملیۆن بوو).
لینکدئین: 2.30 ملیۆن (پێشتر 1.90 ملیۆن بوو).
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ژمارەی بەکارهێنەرانی لینکدئین، سەرپەرشتیاری گشتیی سەنتەرەکە دەڵێت، ئەمە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی گرنگیدان بە پەیوەندییە پیشەییەکان و گەڕان بەدوای هەلی کاردا لەنێو بەکارهێنەرانی عێراقدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ