سوودانی 18 دەستپێشخەری و پێدانی 40 ملیۆن دۆلار بە غەززە و لوبنان رادەگەیێنێت

17-05-2025
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا لە "دۆخێکی یەکجار ئاڵۆز و مەترسیدار"دا دەبەسترێت. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش 18 دەستپێشخەری بۆ چالاککردنی کاری هاوبەشی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و بەخشینی 40 ملیۆن دۆلاری بە غەززە و لوبنان راگەیاند و دەشڵێت، پشتیوانیی دامەزراندنی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و بنیاتنانی سیستمێکی دەستووریی دیموکراسی لە سووریا دەکەن.
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 17ـی ئایاری 2025 دەستپێکردنی کارەکانی 34ـەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا راگەیاند کە بە سەرۆکایەتیی عێراق بەڕێوەدەچێت.
 
سەرۆککۆمار: لووتکەی بەغدا لە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆزدا دەبەسترێت
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە گوتاری دەستپێکدا گوتی: "لووتکەی بەغدا لە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆز و مەترسیدار دەبەسترێت. دۆخەکە هەڕەشە لە ناوچەکەمان و ئاسایشی وڵاتانمان و چارەنووسی گەلەکانمان دەکات. تارمایی جەنگ، هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری دەکات و هەوڵەکانی گەشەپێدان و خواستی داهاتوومان پەکدەخات." 
 
سەرۆککۆماری عێراق جەختی لە پێویستی دەستپێشخەری و هەنگاوی بەپەلە بۆ بەهێزکردنی دەرفەتەکانی سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردەوە.
 
لەتیف رەشید جەختی لەسەر پێویستی نەهێشتنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆی دووقۆڵی راستەوخۆ یان لە رێگەی نێوەندگیرانەوە کردەوە و گوتی: "عێراق سیاسەتی سەپاندن و دەستوەردانی دەرەکی و بەکارهێنانی هێز رەت دەکاتەوە."
 
لەبارەی دۆخی فەلەستین، سەرۆککۆماری عێراق گوتی: "جەخت دەکەینەوە لە بەدەستهێنانی مافی گەلی فەلەستین لە تەواوی خاکی خۆی و رەتکردنەوەی هەموو هەوڵێکی راگواستن لە هەر دۆخێک و بە هەر ناوێک بێت". 
 
لەتیف رەشید رایگەیاند: "ئامانجی سەرەکی لە بەستنی لووتکەکەمان، یەکخستنی هەڵوێستەکانمانە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان کە روویان لە زیادبوونە. گرنگە خاڵە هاوبەشەکانمان چالاک بکەین و چاوپۆشی لەوە بکەین کە دەبێتەهۆی پەرتبوونی یەکڕیزیمان."
 
سوودانی: پێویستە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی سەر فەلەستنییەکان بووەستێندرێن
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا گوتی: "عێراق سیاسەتێکی دەرەوەی پەیڕەو کردووە کە هاوبەشی وەک پێشینە دادەنێت. تێڕوانینمان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و سەرچاوەی ململانێیەکان لە ناوچەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە گەلی فەلەستین بە تەواوی مافی خۆی لە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە لە خاکی خۆی بەدەستبهێنێت و ئەو دەستدرێژییە بەردەوامە بووەستێت کە ململانێ و تووندوتیژی بەهێز دەکات".
 
سوودانی گوتی: "ئەو کۆمەڵکوژییەی دەکرێ گەیشتووەتە ئاستێک کە تاوەکو ئێستا نەبووە. راگواستنی فەلەستینییەکانمان رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتی دەکەینەوە. پێویستە کۆمەڵکوژییەکان لە غەززە، دەستدرێژییەکان بۆ سەر کەرتی رۆژئاوا و خاکی داگیرکراو رابگیرێن؛ پێویستە دەرگاکان بە رووی هاوکاری مرۆییدا بکرێنەوە."
 
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد: "هەموومان ئەو وێنانەمان بینی کە منداڵان بە سەتان کەس ریزیان بەستبوو بۆ بەدەستهێنانی پاروە نانێک کە لەوانەیە دەستیان بکەوێت یان بە دەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە" و پرسی: "ئەو نەوەیە چ یادەوەرییەکی پڕ لە ئازار، تاڵی و هەست بە ستەمکردن دەکات؟"
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەست لە لوبنان دەربڕی و سەرکۆنەی "دەستدرێژییە بەردەوامەکانی بۆ سەر سەروەری ئەو وڵاتە کرد".
 
سەبارەت بە سووریا، سەرۆکوەزیران عێراق گوتی، هەڵوێستیان نەگۆڕە کە بریتییە لە "پشتیوانیکردنی یەکپارچەیی کۆماری عەرەبی سووریا و سەروەرییەکەی و رەتکردنەوەی هەر دەستدرێژییەک یان هەژموونێک بەسەر خاکی سووریادا".
 
سوودانی: پشتیوانیی بنیاتنانی سیستمێکی دەستووریی دیموکراسی لە سووریا دەکەین
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "درێخی ناکەین لە هیچ هەوڵێک بۆ پشتیوانیی براکانمان لە سووریا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و بنیاتنانی سیستمێکی دەستووریی دیموکراسی لە رێگەی پرۆسەیەکی گشتگیرەوە کە مافی خەڵکی سووریا مسۆگەر بکات، ئازادی ئایینەکان بۆ هەموو پێکهاتەکانی فەراهەم بکات و شەڕی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە بکات."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا بەرز نرخاند و گوتی، هیوادارە ئەو هەنگاوە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی سووریا. 
 
سوودانی جەختی لە هەڵوێستی عێراق لە "یەکپارچەیی و سەروەریی یەمەن، کۆتاییهێنان بە ململانێ و دابەشبوون، وەستاندنی ئازارەکانی گەلی یەمەن و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان، شانبەشانی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دامەزراندنی چارەسەرێکی گشتگیری بەردەوام کردەوە".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق 18 دەستپێشخەری بۆ چالاککردنی کاری هاوبەشی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی راگەیاند، لەوانەش دەستپێشخەری دامەزراندنی سندووقی عەرەبی بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە دوای قەیران، ململانێ و جەنگەکان.
 
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بە 20 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و 20 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی لوبنان بەشداری دەکات.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لووتکەی بەغدا سەرەتای پڕۆژەیەکە کە هیوادارە ببێتە وەرچەرخان و دەستپێکێکی نوێ کە لەگەڵیدا داهاتوویەک مسۆگەر بکەن شایستەی گەلان و خواستەکانی نەوەکانیان بێت.
 
ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی: سووریای نوێ بە قۆناخێکی سەخت و ئاڵنگارییەکی گەورەدا تێدەپەڕێت
 
ئەحمەد ئەبوغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی سووریاوە گوتی: "سووریا قۆناخێکی سەخت و پڕ لە ئاڵنگاری تێدەپەڕێنێت و لەگەڵ گەلەکەی دەبین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە." 
 
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی باسی دۆخی سوودان و لیبیایشی کرد و گوتی، متمانەی بە گەلەکەی هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی جەنگ وێرانی کردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا دابەشبوون بۆسەر یەکپارچەیی وڵات لە لیبیا هەڕەشەیە.
 
بەگوتەی ئەحمەد ئەبوغەیت، کێشەی فەلەستین هێشتا کێشەی سەرەکی ناوچەکەیە و "هەوڵی راستڕۆ تووندڕۆ زایۆنییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی فەلەستین و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، پەڵەیەکی شەرمەزارییە لە نێوچاوی جیهان". 
 
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی سوپاسی هەوڵەکانی میسر و قەتەری کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە غەززە، سوپاسی هەوڵەکانی سعودیەیشی کرد بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی ئاشتی لە نیویۆرک لە مانگی داهاتوودا.
 
ئەحمەد ئەبوغەیت گوتی: "کۆمکاری عەرەبی سیاسەتی فراوانخوازی زایۆنی بە بیانووی دابینکردنی ئاسایش لە هەریەک لە فەلەستین، سووریا و لوبنان رەتدەکاتەوە، چونکە ناوچەکە دەخاتە نێو بازنەیەکی کراوەی رووبەڕووبوونەوەوە."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی پێشانگاکە.

پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی عێراق بەڕێوەدەچێت

پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی عێراق لە بەغدا بە بەشداری وەشانخانەی 23 وڵاتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، ئەورووپی و ئەفریقی دەستیپێکردووە و 10 رۆژ بەردەوام دەبێ.