رووداو دیجیتاڵ
راگەیێندراوی کۆتایی هەردوو لووتکەی کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی عەرەبی گەشەپێدان، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ژێر ناونیشانی "دووپاتکردنەوەی چارەنووسی هاوبەش و پەیوەندییە برایەتی و مێژووییەکان کە دەوڵەتانی عەرەبی کۆدەکاتەوە." بڵاوکرایەوە.
هەردوو لووتکەکە ئەمڕۆ شەممە، لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوون؛ سەرۆک، سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی تێیدا بەشداربوون.
لە سەرەتای راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "باوەڕمان بە بنەماکانی یاسای کۆمکاری عەرەبی هەیە، کە هەموومان پێی پابەندین و لە بنەمای یەکێتیی چارەنووس و خواستی جیدی پێکدێت، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشەکردن بۆ نەتەوەکانمان، هەروەها وەڵامدانەوەی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی گەلانی عەرەبی دەبنەوە لە ژێر سایەی گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی ئێستا."
دەقی راگەیێندراوەکە:
یەکەم: ئەنجامی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی لووتکە:
کێشەی فەلەستین:
1- دووپاتکردنەوەی ناوەندی کێشەی فەلەستین وەک (کێشەی نەتەوە) و کڕۆکی سەقامگیری لە ناوچەکە، هەروەها پشتگیری رەهای مافەکانی گەلی فەلەستین کە نابێت دەستکاری بکرێن، لەوانە مافی ئازادی، مافی چارەنووس، دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی سەربەخۆ، مافی گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەی پەنابەران و ئاوارەکانی فەلەستین، سەرکۆنەکردنی هەموو رێکار و کردارە نایاساییەکان لەلایەن ئیسرائیلی داگیرکەر کە گەلی فەلەستینی خۆشەویست دەکاتە ئامانج و لە مافی ئازادی، ژیان و روومەتی مرۆیی بێبەش دەکات کە ئەو مافانە لەلایەن یاسا ئاسمانی و نێودەوڵەتییەکانەوە دابین کراون.
2- داواکاری راگرتنی خێرای هێرشی ئیسرائیل لەسەر غەززە و راگرتنی هەموو کردارە دووژمنکارییەکان، کە ئازاری زیاتر بۆ هاووڵاتییانی بێتاوان زیاد دەکەن، هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی دەوڵەتانی کاریگەر دەدەین، بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی خۆیان و وەرگرتنی هەڵوێست بۆ گوشارکردن لەپێناو راگرتنی خوێنڕشتن و دڵنیابوون لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییە بەپەلەکان بەبێ بەربەست بۆ هەموو ناوچە پێویستەکان لە غەززە.
3- بانگەوازکردن بۆ هەموو دەوڵەتان بۆ پێشکێشکردنی پشتگیری سیاسی، دارایی و یاسایی بۆ پلانی عەرەبی - ئیسلامی هاوبەش، کە لەلایەن لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە چواری ئایاری ئەم ساڵ و لوتکەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە 7ـی ئایاری ئەم ساڵ لە جەدە پەسەند کراوە، سەبارەت بە بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە لە چوارچێوەی رێڕەوێکی سیاسی، کە ببێتە هۆی بەدیهێنانی سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستین و مافە سرووشتییەکانی گەلی فەلەستین لەسەر خاکەکەی مسۆگەر بکات، هەروەها رێگری بکات لە هەوڵەکانی راگواستنیان و پاڵپشتی و توانادارکردنیان بۆ پیادەکردنی هەموو مافە رەواکانیان و هاندانی وڵاتان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، بۆ پێشکێشکردنی پشتگیری دارایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە، هەروەها پێشوازیکردن لە پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکانی دەوڵەتانی عەرەبی، بۆ دامەزراندنی سندووقێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە؛ لەوانە بانگەوازی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە لووتکەی عەرەبی نائاسایی لە قاهیرە لە ساڵی 2023 و لووتکەی عەرەبی- ئیسلامی لە سعودیە لە 2024، بۆ دامەزراندنی سندووقێکی عەرەبی - ئیسلامی بۆ بنیاتنانەوەی غەززە و لوبنان.
4- دووپاتکردنەوەی گرنگی هاوئاهەنگی هاوبەش بۆ گوشارکردن بەئاراستەی کردنەوەی هەموو دەروازەکان لەبەردەم هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەموو خەڵکی فەلەستین و توانادارکردنی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەت ئاژانسی (ئۆنروا)، بۆ کارکردن لە خاکی فەلەستین و دابینکردنی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆیان، بۆ هەستان بە بەرپرسیارێتیەکانیان و دەستپێکردنەوەی ئەرکەکانیان.
5- پێشوازی دەکەین لە پێکهێنانی گرووپی کاری کراوە بۆ بەدواداچوونی دامەزراندنی سندووقێک بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ چاودێریکردنی هەتیوەکانی غەززە، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 40 هەزار منداڵ. هەروەها پێشکێشکردنی یارمەتی و پەلی دەستکرد بۆ هەزاران کەسی بریندار، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەیان لەدەستداوە. لەم چوارچێوەیەدا بەرزنرخاندنی دەستپێشخەری "بەڵێننامەی هیوا" کە لەلایەن ئوردن، بۆ پشتگیریکردنی کەم ئەندامەکان لە کەرتی غەززە راگەیەندراوە، لەگەڵ هاندانی وڵات و رێکخراوەکان بۆ پێشنیارکردنی دەستپێشخەری بۆ پشتگیری هەوڵەکانی فریاکەوتن لە کەرتی تەندروستی لە غەززە.
6- دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی پێشووی خۆمان، بە رەتکردنەوەی تەواوەتی هەر جۆرێکی راگواستنی گەلی فەلەستین لە خاکەکەیان، جا لە ژێر هەر ناو یان بارودۆخ یان پاساوێکدا بێت؛ ئەمەش پێشێلکارییەکی جیدی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییە، هەروەها تاوان دژی مرۆڤایەتی و پاکتاوکردنی نەژادییە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکۆنەی سیاسەتەکانی برسیکردن و ئاگرباران دەکەین، کە ئامانج لێیان ناچارکردنی گەلی فەلەستینە بۆ رۆیشتن لە خاکەکەیان.
7- دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جێگیرمان لە بانگەوازکردن بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانەی دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ کێشەی فەلەستین و پشتگیریکردنی بانگەوازی بەڕێز سەرۆک مەحموود عەباس، سەرۆکی دەوڵەتی فەلەستین، بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و هەنگاونانی جیدی بۆ جێبەجێکردنی (چارەسەری دوو دەوڵەت)، بەپێی دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی و یاسایی نێودەوڵەتی. دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لەسەر سنوورەکانی 1967 کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت، لەگەڵ قبووڵکردنی ئەندامێتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری و دڵنیابوون لە گەڕاندنەوەی هەموو مافەکانی گەلی فەلەستین، بەتایبەت مافی گەڕانەوە و مافی چارەی خۆنووسین.
8- پشتگیری هەوڵەکانی بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی پلە باڵا دەکەین، بۆ جێبەجێکردنی (چارەسەری دوو دەوڵەت) و بەدیهێنانی سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستین، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی شانشینی عەرەبی سعودیە و کۆماری فەرەنسا لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها داواکاری بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پاراستنی ئاشتی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە خاکی داگیرکراوی فەلەستین، تاوەکو جێبەجێکردنی (چارەسەری دوو دەوڵەت)، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها و ئاراستەکردنی داواکاری لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی (چارەسەری دوو دەوڵەت)، لە چوارچێوەی ئەو بەرپرسیارێتییانەی دەکەونە سەر شانی، لە بواری پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و دووپاتکردنەوەی پێویستی دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەم پرۆسەیە.
9- پشتگیریکردنی دیدگەی بەڕێز مەحموود عەباس، سەرۆکی دەوڵەتی فەلەستین، لەبارەی گرنگی بەدیهێنانی یەکگرتوویی نیشتمانی لەسەر بنەمای پابەندبوون بە رێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستین وەک نوێنەری شەرعیی گەلی فەلەستین و بەرنامە سیاسییەکەی، هەروەها پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر بنەمای یەک سیستمی، یەک یاسایی و یەک چەکی شەرعی، لەگەڵ توانادارکردنی حکومەتی دەوڵەتی فەلەستین بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی حوکمڕانی لە کەرتی غەززە، لە چوارچێوەی یەکێتیی سیاسی و جوگرافی خاکی داگیرکراوی فەلەستین لە ساڵی 1967، هەروەها دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە هەڵبژاردنی دیموکراتی و سندووقی دەنگدان تاکە رێگەیە بۆ رێزگرتن لە ویستی گەلی فەلەستین، بۆ هەڵبژاردنی ئەوانەی نوێنەرایەتی دەکەن لە رێگەی هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی، کە لە هەموو خاکی فەلەستین لە غەززە، کەناری رۆژئاوا و قودسی رۆژهەڵات بەڕێوە بچێت.
10- پێشوازیکردن لە بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەکەی لە 10 ئایاری 2024، سەبارەت بە داواکاری دەوڵەتی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتیی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پشتگیری لە 143 دەوڵەت، هەروەها بانگەوازکردن بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارە دەرچووەکەی لەم بارەیەوە لە دانیشتنەکەی 18ـی نیسانی 2024 و داوا لە ئەنجوومەنەکە بکرێت دادپەروەر و پشتگیر بێت بۆ مافەکانی گەلی فەلەستین، لە ژیان، ئازادی و کەرامەتیان، لەگەڵ کارکردن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی کێشەی فەلەستین و خاکە داگیرکراوە عەرەبییەکان.
11- داواکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کە لە کاتی هێرش بۆ سەر کەرتی غەزە لە تشرینی یەکەمی 2023 دەرچوون، لەوانە بڕیاری 2720، لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ پابەندبوون بە هەموو پابەندییە یاسایییەکانی بە شێوەیەکی خێرا و گرتنەبەری رێکاری یەکلاکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری ئیسرائیلی بۆ خاکی عەرەبیی داگیرکراو، لەوانە بەرزاییەکانی جۆلان و باشووری لوبنان.
12- دووپاتکردنەوەی پیرۆزی شاری قودسی داگیرکراو و پێگەی لای ئایینە ئاسمانییەکان. سەرکۆنەکردنی هەموو هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ بە جولەکەکردنی شارەکە و گۆڕینی ناسنامەی عەرەبی - ئیسلامی - مەسیحی و دەستدرێژیکردنە سەر شوێنە پیرۆزەکانی، دووپاتکردنەوەی پێویستی دابینکردنی پاراستن بۆ شوێنە پیرۆزەکان لە بەیت لەحم و دەستنەدان لە ناسنامەی کولتووری و ئایینییان، دووپاتکردنەوەی پشتگیریمان بۆ رێنماییەکانی هاشمی لەسەر شوێنە پیرۆزە ئیسلامی و مەسیحییەکان لە قودس، کە لەلایەن پاشا عەبدوڵڵای دووەمی کوڕی حوسێن، پاشای شانشینی ئوردنی هاشمییەوە بەڕێوە دەبرێت، دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە مزگەوتی ئەقسا/ حەرەمی قودسی پیرۆز، کە رووبەرەکەی دەگاتە 144 دۆنم، تەنیا شوێنی پەرستشی موسڵمانانە.
13- بانگەوازکردن بۆ یەکخستنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پابەندکردنی ئیسرائیل، بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری نایاسایی خاکی فەلەستین لەسەر هێڵەکانی 4-6-1967 و هەڵگرتنی کاریگەرییەکانی بە تەواوی، هەروەها پێدانی قەرەبوو بۆ زیانەکانی بە زووترین کات و جێبەجێکردنی هەموو ناوەڕۆکی رای ڕاوێژکاریی کە لەلایەن دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە 17-7- 2024 دەرچووە، لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان A/RES/ES-10-24 لە 17-9-2024، کە دەرەنجامەکانی رای راوێژکاری دادگەی دادی نێودەوڵەتی پەسەند کردووە.
14- ستایشکردنی هەڵوێستە شەرەفمەندانەکانی دەوڵەتی باشووری ئەفریقیا لە پشتگیریکردنی کێشەی فەلەستین و پشتیوانیکردنی گەلەکەی، هەروەها دەربڕینی پشتگیری تەواو و پێزانین و پشتیوانیمان بۆ هەڵوێستی دەوڵەتی باشووری ئەفریقیا لە داوای یاسایی دژی ئیسرائیل، هێزی داگیرکەری خاکی فەلەستین، لەبەردەم دادگەی دادی نێودەوڵەتی بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە.
15- پێشوازیکردن لە هەوڵە بەردەوامەکانی "هاوپەیمانێتی جیهانی بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت" کە لە نیویۆرک لە ئەیلوولی 2024، لەلایەن شانشینی عەرەبی سعودیە وەک سەرۆکی لیژنەی عەرەبی - ئیسلامی کرا و لە لوتکەی هاوبەش، سەبارەت بە دۆخی غەززە، شانشینی نەرویج و یەکێتی ئەورووپا، لەگەڵ میوانداریکردنی شانشینی عەرەبی سعودیە و کۆماری میسری عەرەبی و شانشینی مەغریب بە هاوکاری لەگەڵ شانشینی هۆڵەندا بۆ کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانێتی، لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا و شانشینی نەرویج.
16- پشتگیریکردنی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی لیژنەی وەزاری لە لوتکەی عەرەبی - ئیسلامی هاوبەش، سەبارەت بە غەززە، بۆ هاندان بۆ راگرتنی خێرای ئاگربەست و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە، دەستکردن ب هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی (چارەسەری دوو دەوڵەت).
17- بەرزنرخاندنی هەڵوێستی دەوڵەتانی ئەوروپی لەوانە ئیسپانیا، نەرویج و ئیرلەندا، کە دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، لە ئایاری 2024، هەروەها هاندانی دەوڵەتانی دیکە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی هەمان هەنگاو و لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مێژوو هەڵوێستەکان تۆمار دەکات.
- بارودۆخی وڵاتانی عەرەبی:
18- دووپاتکردنەوەی رێزگرتن لە هەڵبژاردنەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتە و چینەکانییەوە، خەمخۆری بۆ ئاسایش و سەقامگیری کۆماری عەرەبی سووریا کە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها پشتگیری یەکپارچەیی خاکی سووریا و رەتکردنەوەی هەموو دەستوەردانەکان لە کاروباری سووریا، هەروەها سەرکۆنەکردنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوەریا و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی و هەوڵدان بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی توانا نیشتمانییەکانی، بانگەوازیش ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین، بۆ فشارکردن بۆ راگرتنی ئەم دەستدرێژییانە و رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان. دووپاتکردنەوەی پێویستی بەردەوامبوون لە پرۆسەیەکی سیاسی گواستنەوەی گشتگیر کە فرەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزێت، لەگەڵ گرنگی رێزگرتن لە بیروباوەڕ و شوێنە پیرۆزەکانی هەموو توێژ و پێکهاتەکانی گەلی سووریا. دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە بنیاتنانەوەی سووریا پەیوەستە بە هەڵگرتنی سزا ئابووری و داراییەکان. پێشوازیکردن لە راگەیاندنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دۆناڵد ترامپ لە 13-5-2025، بۆ هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەکانی لەسەر کۆماری عەرەبی سووریا، سووپاس بۆ شانشینی عەرەبی سعودیە بۆ هەوڵەکانی بۆ پشتگیری هەڵوێستی سووریا لەم بارەیەوە، هەروەها پێشوازیکردن لە کەمکردنەوەی سزا ئەوروپییەکانی سەپێنراو بەسەر سووریادا، کە رێگە دەکاتەوە لەبەردەم خێراکردنی بنیاتنانەوە و یارمەتیدەرە بۆ گەڕانەوەی بۆ پەنابەرە سووریاییەکان. هەروەها بانگەواز دەکەین بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر، کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لەخۆ بگرێت.
19- دووپاتکردنەوەی پشتگیری بەردەواممان بۆ لوبنان، لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکەکەی، هەروەها پاراستنی سنوورەکانی لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەرییەکەی، لەگەڵ جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییە پێویستەکان و دووپاتکردنەوەی پێویستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی تایبەت بە راگرتنی کردارە دوژمنکارییەکان، لەگەڵ پابەندبوون بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 1701 بە هەموو خاڵەکانییەوە، هەروەها سەرکۆنەکردنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و داواکاری کشانەوەی تەواو و خێرا و بێمەرج لە لوبنان بۆ سنوورە نێودەوڵەتییە دیاریکراوەکان، لەگەڵ رادەستکردنەوەی دیل و گیراوەکان، هەروەها گەڕانەوە بۆ پابەندبوون بە رێککەوتننامەی ئاگربەستی ساڵی 1949.
20- دووپاتکردنەوەی پشتگیری بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی لە کۆماری یەمەن، بە سەرۆکایەتی د. رەشاد محمد علێمی و دووپاتکردنەوەی پشتگیری هەوڵەکانی حکومەتی یەمەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی یەمەن و یەکخستنی نیشتمانی بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکە. دووپاتکردنەوەی پشتگیری لە هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و هەوڵە هەرێمییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر بۆ قەیرانی یەمەن؛ پشتبەستن بە سەرچاوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، کە بریتین لە دەستپێشخەری کەنداو و میکانیزمە جێبەجێکارییەکانی و دەرەنجامەکانی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر، لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 2216 بە شێوەیەک کە داوا رەواکانی گەلی یەمەنی خۆشەویست بهێنێتە دی لە ئاشتی، سەقامگیری، گەشەپێدان و ئاوەدانی.
21- دووپاتکردنەوەی هاوخەمی لەگەڵ کۆماری سوودان و گەلە خۆشەویستەکەی، لە هەوڵدان بۆ پاراستنی خاکەکەی و ژێرخانە گرنگەکانی، لەگەڵ پاراستنی سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک، هەروەها رەتکردنەوەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و بەهێزکردنی هەوڵەکانی لە پاراستنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و رێگریکردن لە رووخانیان، ئەوەش لە رێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی مەدەنی سەربەخۆ و هەڵبژێردراو. هەروەها بانگەوازکردن بۆ وڵاتانی ئەندامی ئەم لوتکەیە و رێکخراوە عەرەبییەکان بۆ پێشکێشکردنی یارمەتی مرۆیی بەپەلە بۆ سوودان و گەلەکەی، هەروەها نۆژەنکردنەوەی ئەو دامەزراوانەی زیانیان پێگەیشتووە، لەگەڵ بەدەنگەوەهاتنی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە شێوەیەک کە توانای بەرگری سوودان بەهێز بکات لە رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ یەکپارچەیی وڵاتەکە، هەروەها تێپەڕاندنی کاریگەرییە کارەساتبارەکان کە گەلی سوودانی خۆشەویست تێیدا دەژین.
22- دووپاتکردنەوەی پشتگیری تەواومان بۆ دەوڵەتی لیبیا و چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە رێگەی دیالۆگی نیشتمانی بە شێوەیەک کە یەکپارچەیی وڵاتەکە بپارێزێت و ئاواتەکانی گەلەکەی و سەقامگیری بەردەوامی بهێنێتە دی، هەروەها رەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و پشتگیری تەواومان بۆ سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکەکەی، لەگەڵ دەرچوونی هەموو هێزە بیانی و چەکدارە بە کرێ گیراوەکان لە ماوەیەکی دیاریکراودا. داواش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا و ئەنجوومەنی باڵای راوێژکاری دەوڵەت دەکەین بۆ دەرکردنی یاسای هەڵبژاردن کە ویستی گەلی لیبیا بۆ بەدیهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی بهێنێتە دی.
23- دووپاتکردنەوەی پشتگیریمان بۆ کۆماری سۆماڵی فیدراڵی، و یەکپارچەیی خاکەکەی، هەروەها هاوکاری کردنیان لە بەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیری لە رێگەی یارمەتیدانی دەوڵەتانی عەرەبی لە بەهێزکردنی تواناکانی بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئەو ئاستەنگانەی لە قۆناخی ئێستا رووبەڕووی دەبێتەوە.
24- دووپاتکردنەوەی مافی دەوڵەتی ئیمارات، بۆ خاوەندارێتی لە دوورگەکانی (تەنبی گەورە، تەنبی بچووک و ئەبو موسی)، داواش لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، بەدەنگ دەستپێشخەری دەوڵەتی ئیماراتەوە بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەم کێشەیە، لە رێگەی دانوستاندنی راستەوخۆ یان پەنابردن بۆ دادگەی دادی نێودەوڵەتی؛ بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی،و یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی متمانە و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی.
- کاری عەرەبیی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان
25- دووپاتکردنەوەی پێویستی دامەزراندنی ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەکی ئەتۆمی و چەکە کۆمەڵکوژەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەپێی یاسا رێککەوتن لەسەر کراوەکان و بەگوێرەی بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 546/73 (کۆنفرانسی تایبەت بە دامەزراندنی ناوچەی داماڵدراو لە چەکی ئەتۆمی و چەکە کۆمەڵکوژەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست)، بانگەوازکردن بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەشداربوون لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کە بناخەیە بۆ سیستمی نێودەوڵەتی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە چەکانە.
26- دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ئاسایشی ئاو پایەیەکی سەرەکییە لە پایەکانی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی و لەم چوارچێوەیەدا پشتگیری ئەو هەوڵانەی کۆماری عێراق، کۆماری میسر و کۆماری سوودان و کۆماری سووریا دەکەین، بۆ دڵنیابوون لە مافە ئاوییە رەواکانیان، هەروەها دەربڕینی پاڵپشتیمان بۆ ئەم دەوڵەتانە لە هەوڵەکانیان کە ئامانج لێیان گەیشتنە بە چارەسەری دادپەروەر و هاوسەنگ لە رێگەی دیالۆگ، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدی بهێنێت.
27- دووپاتکردنەوەی گرنگیی بەردەوامی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی توانا عەرەبییەکان لە بواری بەدەنگەوەهاتنی ئاستەنگەکانی ئێستا، لە پێشیانەوە ئاسایشی خۆراک، تەندروستی و وزە، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پێویستیی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاوکاری بۆ دامەزراوەکردنی کاری عەرەبی لەم بوارانەدا.
- بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
28- دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جێگیرمان لە سەرکۆنەکردنی هەموو شێوە و جۆرەکانی تیرۆر و بیرۆکە پەیوەندیدارەکانی و کردار و چالاکییە تیرۆریستییەکان کە گرووپە تیرۆریستییەکان ئەنجامیان دەدەن، بەتایبەت داعش، قاعیدە و گرووپ و لایەنەکانی پەیوەندیدار بەوان، کە هەڕەشەیەکی زۆر دروست دەکەن لە وڵاتانی عەرەبی. هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو، بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و پارەشووشتنەوە. هەروەها دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە بەردەوامبوونی تیرۆر بە هەموو شێوەکانی مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە لاواز دەکات، ئەمەش پێویستی بە بەدەنگەوەهاتنێکی بەکۆمەڵی کارا و گشتگیر هەیە لە لایەنی سەربازی و مەدەنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی و وشککردنی سەرچاوەکانی، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاری عەرەبی هاوبەش، لە رێگەی هاوئاهەنگی هەوڵە عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ پشتگیری و بەهێزکردنی توانای دامەزراوەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وڵاتانی عەرەبی.
29- پێشوازیکردن لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی لە رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان، هەروەها بەرز نرخاندنی ئەو قوربانییانەی گەلی عێراق و سوپا و هەموو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وڵاتەکە پێشکێشیان کردووە، ستایشی بڕیاری حکومەتی عێراقیش دەکەین بۆ دامەزراندنی "ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پێشگرتن لە تووندڕۆیی"، وەک هەنگاوێکی بنیاتنەر بۆ پەرەپێدانی میکانیزمە نیشتمانییەکان. هەروەها ستایشی ناوەندە هاوشێوەکان لە وڵاتانی عەرەبی دەکەین.
30- داوا دەکەین ڕێکارەکان تووندتر بکرێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوتاری رق و تووندڕۆیی و هاندان، بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکەی لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایش، ئەمەش لەسەر بنەمای بڕیارەکانی کۆمکاری عەرەبی و ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. داواش لە هەموو وڵاتان دەکەین کار بکەن بۆ بەهێزکردنی بەهاکانی لێبوردەیی، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، برایەتی مرۆیی؛ لەگەڵ نەهێشتنی رق و تایەفەگەری، دەمارگیری، جیاکاری و تووندڕۆیی بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەروەها پێشگرتن لە تووندڕۆیی و توندوتیژی.
31- پێشوازیکردن لە راگەیاندنی دامەزراوەی هاوبەشی گرووپی نێودەوڵەتی دەوڵەتانی دۆستی قوربانییانی تیرۆر بۆ میواندارییکردنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی داهاتوو بۆ قوربانیانی تیرۆر لە بەغدا لە 2026، هەروەها دووپاتکردنەوەی پشتگیری تەواومان بۆ مافەکانی قوربانییانی تیرۆر و هەوڵەکانیان لە گەیاندنی دەنگیان و پێشکێشکردنی پشتگیری پێویست بۆ چاکبوونەوە و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر.
32- دووپاتکردنەوەی گرنگی بەهێزکردنی ئاسایشی سایبەری لە چوارچێوەی کاری عەرەبی هاوبەش، بۆ پاراستنی ژێرخانی دیجیتاڵی و داتاکان، لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە سایبەرییەکان لە رێگەی پەرەپێدانی ستراتیژی عەرەبی یەکگرتوو، بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی بۆشایی ئەلیکترۆنی، کە پشتگیری گەشەپێدانی گشتگیر بکات. لەم چوارچێوەیەدا ستایشی دەستپێشخەری شانشینی عەرەبی سعودیە دەکەین، بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عەرەب بۆ ئاسایشی سایبەری لە شاری ریاز و پێشوازیکردن لە پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 10ی کانوونی دووەمی 2021.
- بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی
33- پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستە دەکەین، بەبۆنەی کۆچی دوایی پاپا فرانسیس لە 21 نیسانی 2025، هەروەها بەبیرهێنانەوەی هەوڵەکانی و رۆڵە مرۆڤدۆستانەکەی، لە بەهێزکردنی بەهاکانی ئاشتی جیهانی و دیالۆگی نێوان ئایینەکان، هەروەها کارەکانی بۆ راگرتنی خوێنڕێژی شەڕ لە غەززە. لە هەمان کاتدا پەیامی پیرۆزباییمان ئاراستەی کاردیناڵ رۆبەرت پریڤۆست دەکەین، بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی پاپای نوێی ڤاتیکان.
34- دووپاتی دەکەینەوە، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، ئاماژەن بۆ پاشەکشەی دیپلۆماسی لە ئاست بەکارهێنانی هێز، لە چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێکان. پێویستە کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام بکرێت لە ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسی. لەم بارەیەوە پشتگیریمان دەردەبڕین بۆ دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ گەیشتن بە ئەنجامیکی ئەرێنی و دڵنیابوون لە بەرزنەکردنەوەی ئاستەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لە پێویستی داواکراو بۆ مەبەستی ئاشتیانە، هەروەها بەرزنرخاندنی رۆڵی سەڵتەنەتی عومان لەم دانوستاندنانە.
35- هاوکاریمان لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی دیکە دووپات دەکەینەوە، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە جیهانییەکانی گەشەپێدانی بەردەوام 2030 و گۆڕانی کەشوهەوا، پاراستنی ژینگە، مافەکانی مرۆڤ، هەژاری، ئاسایشی ئاو و خۆراک، وزەی نوێبووەوە و بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی.
دووەم – ئەنجامی کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی لوتکەی عەرەبی گەشەپێدان: ئابووری و کۆمەڵایەتی:
1- بەرزنرخاندنی راپۆرتی ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی سەبارەت بە کاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی عەرەبی هاوبەش.
2- بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی ئەمیندارێتی گشتی لە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خولی چوارەمی لوتکەی بەیروت 2019، هەروەها بانگەوازکردن بۆ بەردەوامبوون لە هەڵسەنگاندنی خولی بڕیارەکانی دەرچوو لە لوتکە گەشەپێدانەکانی پێشوو.
3- ستایشکردنی دەستپێشخەری سەرۆک محمد وەلەد شێخ غەزوانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی مۆریتانیا، سەبارەت بە ئابووری شین وەک ئاراستەیەکی ستراتیژی بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراکی و وزە و دڵنیابوون لە بەردەوامیی سەرچاوە دەریاییەکانی عەرەبی.
4- پێشوازیکردن لە دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ژیریی دەستکرد کە ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی پێشکێشی کردووە، هاندان بۆ بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی گەشەپێدانی گشتگیر و بنیاتنانی کۆمەڵگە فەرهەنگییە عەرەبییەکان. هەروەها پشتگیری لە بانگەوازی شانشینی بەحرێن دەکەین، بۆ پەسەندکردنی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم تەکنۆلۆژیایە یارمەتیدەرە لە بەدیهێنانی ئاشتی. سوپاسی کۆماری عێراقیش دەکەین بۆ پێشنیازکردنی دامەزراندنی ناوەندێکی عەرەبی بۆ ژیریی دەستکرد لە بەغدا و پێشکەشکردنی پێشنیازەکە بۆ ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی.
5- ستایشکردنی دەستپێشخەری کۆماری عێراق سەبارەت بە "پەیماننامەی چاکسازی ئابووری عەرەبی بۆ دەیەی داهاتوو".
6- سووپاسی کۆماری عێراق دەکەین بۆ پێشنیازەکەی بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی بازرگانی عەرەب، وەک چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی کە هاوئاهەنگی بازرگانی لە نێوان دەوڵەتەکانمان بەهێز دەکات و یارمەتیدەرە لە خێراکردنی تەواوکاری ئابووری عەرەبی. راسپاردنی ئەمیندارێتی گشتیی کۆمکار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆماری عێراق بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست و پێشکێشکردنی بۆ ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە خولی داهاتوو.
7- ستایشی دەستپێشخەری کۆماری میسری عەرەبی دەکەین، لە بواری بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان بەتایبەت "رێگای میسر بەرەو کۆتاییهێنان بە هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی سی"، وەکو نموونەیەکی باشی بەدواداچوون لە ناوچەکە، هەروەها بانگەوازکردن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و سوودوەرگرتن لەم ئەزموونە سەرکەوتووە.
8- بەرزنرخاندنی رۆڵی دەوڵەتی ئیمارات لە دەستپێشخەری دروستکردنی هیوا و داهاتووی باشتر بۆ عەرەب، هەروەها دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ئەم دەستپێشخەرییانە نموونەیەکی بەرزن بۆ کاری گەشەپێدان و مرۆیی لە جیهانی عەرەبیدا.
9- پشتگیریکردنی پڕۆژەی بەهێزکردنی پێشڕەوی بۆشایی عەرەبی لە رێگەی مانگی دەستکردی بەحرێنی "مونزیر"، هاندانی زیاتری هەوڵە عەرەبییەکان لە بواری بۆشایی، توێژینەوەی زانستی و تەکنیکە نوێیەکان.
10- پەسەندکردنی ستراتیژی عەرەبی بۆ ئاسایشی خۆراک بۆ ساڵەکانی 2025- 2035، لەگەڵبانگەوازکردن بۆ کۆکردنەوەی توانا و سەرچاوەکان بۆ جێبەجێکردنی، بە شێوەیەک کە ئاسایشی خۆراکی عەرەبی بەدیبهێنێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و داهاتوو.
11- بانگەوازکردن بۆ پشتگیریکردنی پلانی پێداویستییەکانی گەشەپێدان و پڕۆژەکانی ژێرخان لە کۆماری یەمەن، هەروەها دووپاتکردنەوەی گرنگیی پشتگیری هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە.
12- بانگەوازکردن بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژە گەشەپێدانەکان لەلایەن کۆماری سوودان و هاندان بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی قۆناخی بنیاتنانەوە، بە شێوەیەک کە سوودان تێکەڵی لە سیستەمی گەشەپێدانی عەرەبی بکات.
13- پەسەندکردنی پڕۆژەی پشتگیری و پەناگەدان بە خێزانە ئاوارەکان بەهۆی هێرشی ئیسرائیلی لەناو خاکی فەلەستین و سەرکۆنەکردنی هەوڵەکانی راگواستنی گەلی فەلەستین، هەروەها جەختکردنەوە لە مافی لە گەڕانەوە و ژیانی شایستە لەسەر خاکەکەیان.
14- دووپاتکردنەوەی گرنگی پەرەپێدانی ناوچەی بازرگانی ئازادی عەرەبی گەورە و تەواوکردنی پێداویستییەکانی دامەزراندنی یەکێتی گومرگی عەرەبی، هەروەها بانگەوازکردن بۆ لابردنی هەموو بەربەستەکان کە رێگری لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە ستراتیژییە دەکەن.
15- پێشوازیکردن لە پڕۆژەی وێستگەکانی وزەی خۆر بۆ بەرژەوەندی کامپە فەلەستینییەکان؛ بەهۆی کاریگەری ئەرێنی لەسەر باشترکردنی ژیانی پەنابەران و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وزە.
16- داواکاری بۆ هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەکان لەسەر کەرتی وزە و کارەبا لە کۆماری عەرەبی سووریا، چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی سووریا و هەوڵەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی هەیە.
17- پێشوازیکردن لە پەسەندکردنی پلانی جێبەجێکردنی ستراتیژی عەرەبی بۆ ئاسایشی ئاو -2030، وەک چوارچێوەیەکی رێنیشاندەر، هەروەها هاندان بۆ پەسەندکردنی سیاسەتی کارا بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەردەوام.
18- ستایشکردنی پێشنیازی کۆماری عێراق سەبارەت بە دەستپێشخەری عەرەبی بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک لە دانەوێڵە، وەک بەشداریکردنێک بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک، بۆ دڵنیابوون لە دەستگەیشتنی نەوەکانی داهاتوو بە ئاو و خۆراک بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەردەوام.
19- بەرزنرخاندنی پڕۆژەی پەرەپێدانی ئاژەڵداری لە وڵاتانی عەرەبی، هاندانی وەبەرهێنان لەم بوارە، وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی جووتیاران.
20- دووپاتکردنەوەی گرنگیی وەبەرهێنان لە سەرچاوە مرۆییە تەندروستییەکان و بانگەوازکردن بۆ پشتگیری ستافی تەندروستی و راهێنان پێکردنیان، بە شێوەیەک کە دڵنیایی بدات لە ئامادەییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارە لەناکاوە تەندروستییەکان و ئاستەنگەکانی داهاتوو.
21- پێشوازیکردن لە پەسەندکردنی پلانی پەرەپێدانی گشتگیر بۆ سیستمی فێرکردنی تەکنیکی و پیشەیی لە وڵاتانی عەرەبی، وەک تەوەرێکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لە گەنجاندا.
22- پەسەندکردنی ئامادەکردنی ستراتیژییەکی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی تەندروستی قوتابخانە و زانکۆکان، هەروەها پێشکێشکردنی داواکاری بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی فێرکاری تەندروست، کە تەندروستی دەروونی و جەستەیی قوتابییان بەهێز بکات.
23- پەسەندکردنی چوارچێوەی ستراتیژی هەرێمی بۆ بەهێزکردنی توانا ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی عەرەب و هاندان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداربوونی ژنان لە پلانەکانی گەشەپێدان.
24- بانگەوازکردن بۆ ئامادەکارییەکی عەرەبی یەکگرتوو و تەواوکار بۆ کۆنفرانسی دووەمی جیهانی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.
25- پێشوازیکردن لە راگەیاندنی بناخە و بنەماکان سەبارەت بە داهاتووی سەرچاوە مرۆییەکان، لە ژێر سایەی شۆڕشی تەکنۆلۆژی و داوا دەکەین پەرە بە سیاسەتی فێرکاری و راهێنان پێکردن بدرێت، کە لەگەڵ گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکان و پێداویستییەکانی بازاڕی کار بگونجێت.
26- پێشوازیکردن لە پەسەندکردنی ستراتیژی عەرەبی نوێکراوەی پەرەپێدانی هێزی کار و دامەزراندن، وەک بەڵگەنامەیەکی ڕێنیشاندەر و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بە سیاسەتی چالاکی بازاڕی کار، کە دامەزراندنی شایستە و گەشەکردنی گشتگیر مسۆگەر بکەن.
27- پێشوازیکردن لە پەسەندکردنی بەڵگەنامەی رێنیشاندەری دیدگەی عەرەبی 2005، "بەدیهێنانی هیوا بە بیرکردنەوە، ویست و کار"، وەک بنەمایەکی فیکری و ستراتیژی کە پاڵپشت بێت بۆئەوەی کاری گەشەپێدانی عەرەبی بەرەو داهاتوویەکی گەش هەنگاو بنێت.
28- دووپاتکردنەوەی گرنگی پارەدارکردنی بەردەوام لە ناوچەی عەرەبی و بانگەوازکردن بۆ دامەزراندنی میکانیزمەکانی پارەدارکردنی داهێنەر، بۆ پشتگیری پڕۆژە ستراتیژییەکان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
29- پێشوازیکردن لە بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی گەنجانی عەرەب و کۆڕبەندی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەگەڵ بەرزنرخاندنی هەوڵە وەگەڕخراوەکانی ئەو دوو کۆڕبەندە وەکو دوو پلاتفۆرمی کارا، کە رۆڵی گەنجان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە داڕشتنی داهاتووی گەشەپێدانی عەرەبی بەهێز دەکەن.
30- پێشوازیکردن لە پەسەندکردنی پلانی کاری جێبەجێکردنی ستراتیژی عەرەبی بۆ گەنجان و ئاشتی و ئاسایش (2023-2028)، لەگەڵ دابینکردنی ژینگەی پاڵپشت بۆ بەشداربوونی گەنجان، بە بڕوابوون بە رۆڵیان لە بنیاتنانی داهاتوو.
کۆتایی:
دەربڕینی پێزانینمان بۆ کۆماری عێراق بۆ میوانداریکردنی ئەم دوو لوتکەیە، هەروەها و ستایشی ئەو پێشکەوتنەی عێراق دەکەین لە رەوتی گەشەپێدانی ئابووری بەدیهێناوە، کە یارمەتیدەرە لە گەشەکردنی ناوچەی عەرەبی و بەهێزکردنی کاری ئابووری عەرەبیی هاوبەش، هەروەها سووپاسی ئەو خەمخۆری و گرنگیپێدانەی عێراق دەکەین، کە لە پەرەپێدانی ئاسۆی هاوکاری عەرەبیی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکان پێشانیداوە، لەگەڵ پێزانینی گەورەمان بۆ بەشداریکردن و دەستپێشخەرییەکانی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی وەرچەرخانێکی جۆری لە رەوتی کاری عەرەبی هاوبەش، بەتایبەت لەم بوارانەی خوارەوەدا:
1- دەستپێکردنی دەستپێشخەری عەرەبی بۆ پشتگیری مرۆیی و گەشەپێدان لەسەر بنەماکانی یەکێتی و برایەتی عەرەبی، هەروەها هاوکاری لە کاتی قەیرانەکان لە ژێر سایەی بارودۆخی ئێستای ژمارەیەک لە دەوڵەتانی عەرەبی، وەک (کۆماری عەرەبی سووریا، کۆماری یەمەن، کۆماری سوودان، دەوڵەتی لیبیا و لوبنان)، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی بانگەوازەکانی پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دامەزراندنی "سندووقی عەرەبی بۆ پشتگیری هەوڵەکانی بنیاتنانەوە لە دوای کاریگەرییەکانی قەیرانەکان"، کە حکومەتی عێراق بەخشینی بڕی 40 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ سندوقەکە راگەیاند، لەو بڕە 20 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیری هەوڵە مرۆییەکان و بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە بوو و 20 ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ پشتگیری هەوڵەکانی بنیاتنانەوە لە لوبنان تەرخان دەکرێت.
2- دەستپێکردنی دەستپێشخەری عەرەبی "پەیمانی عەرەبی بۆ پشتگیری گەلی سووریا"، بۆ پشتگیری پرۆسەی بنەماڕێژی بۆ پرۆسەیەکی راگوزەری سیاسی گشتگیر لە سووریا، کە مافی رۆڵەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە مسۆگەر بکات و بنەماکانی مافەکانی مرۆڤیش بپارێزێت، هەروەها کار بکرێت بۆ بنیاتنانی سیستمێکی دەستووری دیموکراتی کە مافە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی گەلی سووریا مسۆگەر بکات. دەستپێشخەرییەکە پشتگیری رێکخستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی بنیاتنانەوە لە سووریا دەکات، لەگەڵ بەهێزکردنی هەوڵەکانی گەڕانەوەی رۆڵەکانی گەلی سووریای ئاوارە و پەنابەر بۆ زێدی خۆیان.
3- پێشوازیکردن لە بانگەوازی حکومەتی عێراق بۆ بەشداریکردنی وڵاتانی عەرەبی لە "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان"، وەک یەکێک لە پڕۆژە عەرەبییە ستراتیژییەکان لە ناوچەکە، کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزکردنی تەواوکاری ئابووری عەرەبی و گەشەپێدانی بەردەوام و دەرفەتی بەستنەوەی دەوڵەتانی عەرەبی بە یەکتر و بە بازاڕەکانی ئەورووپا دابین دەکات.
4- پێشوازیکردن لە بانگەوازی کۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری باڵا، کە لە کۆماری عێراق (سەرۆکی خولی ئێستا)، شانشینی بەحرێن (سەرۆکی خولی پێشوو)، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی پێکبێت، لەگەڵ ئەو وڵاتە عەرەبییانەش کە ئارەزوومەندن بۆ بەشداربوون لە لیژنەکە، ئەرکی لیژنەکە نزیککردنەوەی بۆچوونەکانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکان.
5- دەستپێکردنی دەستپێشخەری "پڕۆژەی پەیمانی چاکسازی ئابووری عەرەبی بۆ دەیەی داهاتوو"، کە ئامانجی بنیاتنانی بۆشاییەکی ئابووری عەرەبی تەواوکارە کە بە دینامیکی و توانای کێبڕکێکارانە بەهرەمەند بێت، هەروەها تەواوکاری ئابووری لە نێوان وڵاتانی عەرەبیی ئەندام بەهێز بکات، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی گرنگی بەدیهێنانی گەشەکردنی ئابووری گشتگیر و بەردەوام کە لایەنە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان لەبەرچاو بگرێت و دابەشبوونێکی دادپەروەرانەی هەل و سامان مسۆگەر بکات، هەروەها گرنگی هاندانی هاوبەش لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت وەک پایەیەکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان.
6- دەستپێکردنی "دەستپێشخەری عەرەبی بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک لە دانەوێڵە"، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتانی عەرەبی لە رێگەی دانانی سیاسەتی کشتوکاڵی و ئاویی، کە بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان پشتگیری بکرێت.
7- دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکان لە بواری ژیریی دەستکرد، بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاری و کاری عەرەبی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان لە بواری تەکنۆلۆژی و هەنگاونان بەرەو پێشکەوتنی زیاتر، لەگەڵ سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنی زانستی، بە ئامانجی بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و بەکارهێنانی ژیرانەی تەکنەلۆژیا لە کۆمەڵگەکانمان، بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ دابونەریتەکانمان، لەسەر ئەم میکانیزمانەی خوارەوە:
- دامەزراندنی ناوەندی عەرەبی بۆ ژیریی دەستکرد و میوانداریکردنی لە بەغدا.
- دامەزراندنی دامەزراوەی عەرەبی بۆ توێژینەوەی زانستی لە ژیریی دەستکرد و تەکنیکە پێشکەوتووەکان.
8- دەستپێکردنی دەستپێشخەری "دامەزراندنی هاوپەیمانێتی عەرەبی بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان"، بۆ بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و بەردەوامییان لە ناوچەی عەرەبی، لە ژێر سایەی ئاستەنگە ئاوییە گەورەکان کە ناوچەکە رووبەڕووی دەبێتەوە، کە بریتین لە کەمیی ئاو، گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی دانیشتووان.
9- دەستپێکردنی "دەستپێشخەری بەغدا بۆ بەهێزکردنی هاوکاری عەرەبی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا"، کە ئامانج لێی خزمەتکردنی واقیعی عەرەبی و ئاستەنگە هاوبەشەکانە لە ژێر سایەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان.
10- دەستپێکردنی دەستپێشخەری "ناوەندی عەرەبی بۆ پاراستنی ژینگە لە پاشماوەی جەنگەکان"، کە ئامانجی یارمەتیدانی ئەو وڵاتە عەرەبییانەیە کە تووشی ململانێ و جەنگ بوون، بۆ دەربازبوونیان لە پاشماوە جەنگییە نەتەقیووەکان و هەڵگرتنی مینەکان بە شێوەیەک کە خزمەتی ئاسایش و ئارامی لە وڵاتانی عەرەبی بکات.
11- کارکردن لەسەر دامەزراندنی "ناوەندی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرگرتن لە تووندڕۆیی و تووندوتیژی" لە بەغدا، کە کار لەسەر هاوئاهەنگی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێگەگرتن لە توەندڕۆیی و توەندوتیژی بەرەو تیرۆریزم دەکات، بە شێوەیەک کە خزمەتی کاری عەرەبی هاوبەش بکات و ئامادەیی بۆ تەرخانکردنی بڕی 5 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ پشتگیریی هەوڵەکانی دامەزراندنی ناوەندەکە و چالاکییە کارگێڕییەکانی.
12- دەستپێکردنی دەستپێشخەری "ژووری هاوئاهەنگی عەرەبی ئاسایشی هاوبەش"، لەسەر بنەمای ماددەی 3 لە "پەیماننامەی بەرگری هاوبەش و هاوکاری ئابووری لە نێوان دەوڵەتانی کۆمکاری عەرەبی"، بۆ هەڵسان بە ئەرکی داڕشتنی "سیاسەتێکی هاوئاهەنگ" لە نێوان وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە بارودۆخی ئاسایشی هەرێمیی ئێستا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ بەهێزکردنی هەوڵەکانی بنیاتنانی تواناکانی سەربازی و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری پەیوەندیدار بەو پرسە.
13- دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکان لە بوارە ئەمنییەکان، کە پەیوەندیدارن بە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراوی سنووربەزێن، بە شێوەیەک کە خزمەتی ئاسایشی عەرەبی بکات لە رێگەی پەرەپێدانی تواناکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان لەم بوارانە، بەتایبەت کارکردن لەسەر دامەزراندنی ئەم میکانیزمانەی خوارەوە:
- ناوەندێکی هاوئاهەنگی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە بەغدا.
- ناوەندێکی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراوی سنووربەزێن لە بەغدا.
13- دەستپێشخەری (پشتگیری وڵاتانی عەرەبی بۆ گرووپی کاری دارایی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا - (MENAFATF، گرووپی یەکەکانی هەواڵگری دارایی- EGMONT ، کە جەخت لەسەر راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی دەرچوو لە گرووپی کاری دارایی (FATF) وەک چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی بۆ بەهێزکردنی پاکی داراییەکان و گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری عەرەبی و هەرێمی لە بەرەنگاربوونەوەی شۆردنەوەی پارە، پارەدارکردنی تیرۆر و بڵاوبوونەوەی چەک دەکەنەوە.
14- بانگەوازکردن بۆ دامەزراندنی "ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پەیوەندی گەل و کولتووری لە نێوان دەوڵەتانی عەرەبی"، بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی کولتووری و پتەوکردنی پەیوەندی برایەتی، هەروەها تێگەیشتن لە نێوان گەلانی وڵاتانی عەرەبی، لەبەر ئەوەی حکومەتی عێراق کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەم دەستپێشخەرییە و پێشکێشکردنی پشتگیری پێویست بۆ سەرکەوتنی لە ماوەی سەرۆکایەتی لوتکەکە دەکات.
15- دەستپێکردنی "دەستپێشخەری عەرەبی سەبارەت بە دابینکردنی پەناگەیەکی ئارام بۆ زیانلێکەوتووانی کارەسات و مەترسییەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتەجێبوونی عەرەبی"، کە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی نیشتەجێبوونی فریاکەوتنە بۆ زیانلێکەوتووانی کارەسات و مەترسییەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایشی نیشتەجێبوونی عەرەبی بەهێز بکات و بنیاتنانەوە لەو وڵاتە عەرەبییانە خێراتر بکات، کە بەدەست ململانێ، جەنگ و کارەساتەوە دەناڵێنن، لە رێگەی دامەزراندنی سندووقێک بۆ کۆکردنەوەی بەخشینەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ