سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە بەغداوە داوای گوشارکردن لە ئیسرائیل دەکات

17-05-2025
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیی بەغدا داوایکرد، "گوشاری زیاتر بخرێتە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی غەززە بوەستێت." ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی غەززە چڕتر و فراوانتر دەکەن.
 
رۆژی شەممە 17-05-2025، لە بەغدا 34ـەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەچوو. پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا یەکێک بوو لە میوانەکان و داوایکرد، گوشار لە ئیسرائیل بکرێت بۆ ئەوەی "کۆمەڵکوژی"ـی غەززە رابگرێت.
 
میوانێکی دیکە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و گوتی: "پێویستمان بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەییە."
 
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر داوای لە دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی کرد، "هەوڵی پێویست بۆ ئاگربەستی غەززە بدات."
 
ئەو لووتکەیە رێک لەدوای سەردانێکی چوار رۆژەی ترەمپ بۆ سێ وڵاتی ناوچەکە دەستیپێکرد. ترەمپ سەرەتای ئەم ساڵ گوتی، ئەمریکا دەست بەسەر کەرتی غەززەدا دەگرێت و خەڵکەکەی رادەگوازێت، ئەمەش ناڕەزایەتیی زۆری دروستکرد. 
 
وڵاتانی ئەندام لەکۆمکاری عەرەبی لە لووتکەیەکی قاهیرە لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ، پێشنیازی پلانێکی دیکەی ئاوەدانکردنەوەی غەززەیان کرد، بەبێ ئەوەی خەڵکەکەی دەربکرێن.
 
گوتێرێز گوتی: "ئێمە ئاوارەبوونی بەردەوامی دانیشتووانی غەززە رەتدەکەینەوە، هەموو راگواستنێکی زۆرەملێش رەتدەکەینەوە. حەپەساوم کە گوێم لێبووە، ئیسرائیل پلانی داناوە ئۆپەراسیۆنی زەوینیی غەززە زیاتر و فراوانتر بکات."
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە "چەند بۆردوومانێکی چڕ"ـی غەززەیانکردووە، کە ئەمە "قۆناخە سەرەتاییەکانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێیە."
 
سانچێز کە رەخنەی تووند لە هەنگاوەکانی ئیسرائیل دەگرێت گوتی: "سەرکردەکانی جیهان گوشارەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی غەززە رابگیرێت."
 
بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، حکومەتی مەدرید لەسەر پڕۆژەبڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، پلانی داناوە داوا لە دادگەی نێودەوڵەتیی داد بکات، لەسەر جەنگی ئیسرائیل دابنیشێت. "ژمارە قبووڵنەکراوەکەی قوربانییانی غەززە، پێشێلی بنەماکانی مرۆڤ دەکەن."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، بەغدا پشتیوانیی لە دروستکردنی "سندووقێکی پشتیوانی" دەکات بۆ دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانەکانی ناوچەکە. 
 
سوودانی بەڵێنی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و هەمان بڕیش بۆ لوبنان دا.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، ئەم کۆبوونەوەیەی بەغدا پشتیوانی لە کۆبوونەوەکانی پێشووی کۆمکاریی عەرەبی بۆ بنیاتنانەوەی غەززە دەکات.
 
لە سەردانەکەی هەفتەی پێشوو بۆ ناوچەکە، ترەمپ دووبارە گوتی، ئەمریکا دەیەوێت غەززە وەربگرێت و بیکاتە "ناوچەیەکی ئازاد."
 
سووریا و ئێران
 
دوایین جار ساڵی 2012 بەغدا میوانداری لە لووتکەکە کرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریای دراوسێ، مانگی 12ـی پار سووریا چووە قۆناخێکی نوێ و بەشار ئەسەد رووخێنرا.
 
لە ریازی سعودیە، ترەمپ چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کەوت. شەرع لە ساڵی 2003 بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە رێکخراوی قاعیدە، لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەستگیرکرا؛ لە لووتکەکەی ئەمڕۆی بەغدا ئامادەنەبوو، لەبری ئەو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتیی سووریای دەکرد.
 
ئەم لووتکەیە لەکاتێکدایە، دانوستاندنی ئەتۆمیی ئێران و ئەمریکا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا چوار گەڕی کراوە. ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئێران رێکبکەوێت.
 
رۆژی پێنجشەممە ترەمپ گوتی، "خەریکە رێککەوتن دەکرێت"، بەڵام رۆژی هەینی هۆشداریدا، "ئەگەر ئێرانییەکان خێرا نەجووڵێنەوە، شتێکی خراپ دەقەومێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرکردەکانی سوننە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی

لایەنە سوننەکان لەسەر دیدگەیان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتن

عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پەڕەیە تایبەتە بە پشک و ماف و دیدگەی سوننە لە حکومەتی داهاتووی عێراق. ئەو پەڕەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێ دەکرێت."