رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری سیاسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیدا کار بۆ بەهێزکردنی میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، مادە هۆشبەرەکان و تاوانە رێکخراوەکانی ئەودیو سنوور دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 17ـی ئایاری 2025، 34ـەمین لووتکەی سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا دەستی پێکرد. حوسێن عەللاوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری سیاسی، لەمبارەیەوە وەڵامی پرسیارەکانی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری کارنامە سەرەکییەکانی لووتکەکەدا حوسێن عەللاوی رایگەیاند: "هەوڵەکان لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی دەبنەوە چڕدەکرێنەوە. قۆستنەوەی دەرفەتەکان و دەستپێشخەرییە پێشکێشکراوەکان کە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە ئامادەکران، بۆ کۆبوونەوەی لووتکە بەرزکرانەوە".
حوسێن عەللاوی گوتی: "ئەمڕۆ لە لووتکەی سەرکردەکاندا گفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر کۆی راسپاردەکانی وەزیرانی دەرەوە دەکرێت. راسپاردە لەبەرچاوگیراو و پەسندکراوەکانیش دەخرێنە بەردەوام وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی. بڕیاری هاوبەش لەبارەی میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، مادە هۆشبەرەکان و تاوانە رێکخراوەکانی ئەودیو سنوور دەدرێ. جگە لەوەش، هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشی ئەمنی پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەی لووتکە دەبێت".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری سیاسی گوتی : "ئەوەی هەیە سەلمێنەری ئەوەیە بەرەوپێشوەچوون هەیە. لە پاڵ ئەمانەشدا باشترکردنی دۆخی ئابووری و گەشەپێدانی سەرەکی بۆ هاووڵاتییانی عەرەبی لە هەلی کاری زیاتر و باشترکردنی بژێوی ژیان جێگەی بایەخە."
سەبارەت بە دامەزراندنی لیژنەی هاوبەشی هەواڵگری، حوسێن عەللاوی رایگەیاند: "هاوئاهەنگی هەواڵگریی بەردەوام و درێژخایەن لەنێوان وڵاتانی ئەندامی کۆمکاری عەرەبی هەیە. عێراق لە 34ـەمین لووتکەی سەرکردەکانی کۆمکاری عەرەبیدا کار بۆ پتەوکردنی کاری دامەزراوەیی و هاوئاهەنگی زیاتر و پێشکەوتووتر لەگەڵ تەواوی دامەزراوە ئەمنی، سەربازی و هەواڵگرییەکان دەکات. ئەمەش پێشکەوتنێکی جۆرییە عێراق لەم لووتکەیەدا دەیگرێتەبەر بۆ داهاتوویەکی گەش".
حوسێن عەللاوی گوتی: "وڵاتە عەرەبی و بیانییەکان هاوکاری عێراقن. عێراق بەیەک مەودا لە هەمووان نزیکە لە پێناو ریشەکێشکردنی تیرۆر. تیرۆر تەنیا هەڕەشە نییە بۆ عێراق، بەڵکو هەڕەشەیەکی هاوبەشە بۆ هەموو جیهان."
پەیامنێری رووداو بە راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ کاروباری سیاسی گوت، ملیۆنان کورد لە سووریادا دەژین. ئایا چارەسەرکردنی کێشەی کوردی سووریا دەکرێتە مژاری کۆبوونەوەی لووتکە؟
حوسێن عەللاوی لە وەڵامدا رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئەم ئاراستەیە بۆ سەقامگیری سووریا زۆر گرنگە بەوەی حکومەتی نوێی سووریا بە چاوی یەکسان مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا بکات. ئەمە چاوەڕوانییەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبیشە بۆ سووریا. حکومەتی عێراق زیاتر لە جارێک بەم ئاراستەیە چەندین هەڵوێستی روونی هەبووە و راگەیێندراوی هەبووە و حکومەتە عەرەبییەکانیش بە هەمان شێوە هەڵوێستیان هەبووە".
سەبارەت بە پەیامی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بۆ بەغدا، حوسێن عەللاوی بە رووداوی گوت: "بەغدا سەقامگیر و ئارامە و سەرکەوتوو بووە لە میوانداریکردنی ئەم لووتکە عەرەبییە و تەنانەت بە درێژایی ساڵ سەرۆکایەتیی ئەم لووتکەیە دەکات. هاوکات لووتکەی گەشەپێدان و لووتکەی سێ قۆڵی لەگەڵ میسر و ئوردنیش بەڕێوەدەبات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ