سوودانی: دەنگ بە هاندەرانی یانەی زاخۆ بدەن

17-11-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا دەکات، لە پێناو بەرزکردنەوەی ناوی عێراق دا، دەنگ بە هاندەرانی یانەی زاخۆ بدەن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "باشترین هاندەر" لەلایەن فیفاوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە( 17-11-2025)، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هاندەرانی یانەی زاخۆ لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)وە بەربژێرکراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین هاندەرانی ساڵی 2025، ئەمەش بەهۆی پاڵپشتییان لە منداڵانی نەخۆش، بەتایبەتی تووشبووانی شێرپەنجە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە هاندەران و کۆمەڵەی یانە وەرزشییەکانی دیکەی عێراق دەکات، " پشتگیری لە هاندەرانی یانەی زاخۆ بکەن بە ئامانجی بەرزڕاگرتنی ناوی عێراق لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا".
 
یانەی وەرزشیی زاخۆ، لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)ـوە وەک یەکێک لە سێ بەربژێری کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتی "باشترین هاندەری ساڵ" (FIFA Fan Award) دەستنیشان کراوە، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەستپێکردووە.
 
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی باشترین هاندەری جیهان تاوەکو رۆژی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و کەمتر لە دوو هەفتە لەبەردەم هاندەران و خەڵکی کوردستاندا ماوە بۆ دەنگدان و سەرخستنی یانەی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی ئەم ناسناوە.
 
فیفا لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، هۆکاری پاڵاوتنی هاندەرانی زاخۆی بەم شێوەیە روونکردووەتەوە: "هاندەرانی یانەی زاخۆ پشتیوانیی خۆیان بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە دەربڕی، بە فڕێدانی بووکەڵە بۆ ناو یاریگە، ئەمەش پێش دەستپێکردنی یاریی خولی عێراق بوو بەرامبەر یانەی حدوود."
 
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، هاندەرانی یانەی زاخۆی بەهۆی هەڵمەتی فڕێدانی بووکەڵە بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە، وەک یەکێک لە سێ بەربژێری کۆتایی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتە جیهانییەکە دەستنیشان کردووە. کێبڕکێکە تاوەکو رۆژی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
دوو رکابەرەکەی یانەی زاخۆ کێن؟
 
دوو رکابەرەکەی دیکەی هاندەرانی زاخۆ بریتین لە ئەلیخاندرۆ سیگانۆتۆی ئەرجەنتینی و هاندەری کۆچکردووی ئیسپانیا، مانۆلۆ ئێل دێل بۆمبۆ. 
 
ئەلیخاندرۆ سیگانۆتۆ: هاندەرێکی ئەرجەنتینییە بە ئۆتۆستۆپ نزیکەی 6500 کیلۆمەتری بڕی بۆ ئامادەبوون لە هەموو یارییەکانی یانەی رەیسینگ کلەب لە دەرەوەی یاریگای یانەکەی.
 
مانۆلۆ ئێل دێل بۆمبۆ: هاندەری ئەفسانەیی و کۆچکردووی ئیسپانیا کە بۆ ماوەی چوار دەیە بە دەهۆڵە بەناوبانگەکەیەوە یاوەریی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە