رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لە هەڵمەتێکدا 50 پەیمانگە و باخچەی ساوایانی ئەهلیی لە پارێزگای نەینەوا داخست، کە بەشێکیان مۆڵەتیان نەبووە و بەشێکیشیان سەرپێچیی رێنماییەکانیان کردووە.
غەزوان داوودی، جێگری پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە 18-02-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە بۆ هەموو پارێزگاکان دەرچووبوو، تێیدا جەختکرابووەوە کە هەر پەیمانگە و باخچەیەکی ساوایان مۆڵەتی فەرمیی نەبێت، دەبێت دابخرێت."
سەبارەت بە جۆری ئەو شوێنانەی داخراون، غەزوان داوودی گوتی: "ئەو پەیمانگەیانە خولی فێربوون و بەهێزکردنی وانەکانیان تێدا دەگوترایەوە، بەڵام بێ مۆڵەت بوون، بۆیە داخران تاوەکو ئەو کاتەی بەپێی مەرجە دیاریکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە، مامەڵەی وەرگرتنی مۆڵەت پێشکێش دەکەن."
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەڵمەتە دوای تۆمارکردنی چەندین سەرپێچی هات، کە دیارترینیان بریتی بوون لە چالاکیی پەروەردەیی بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمی.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: "دامەزراوە سەرپێچیکارەکان بەپێی رێکارەکان داخران و رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکانیان گیرایەبەر و رەوانەی لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەکان کران."
وەزارەتی پەروەردەی عێراق جەختی لە بەردەوامیی هەڵمەتە مەیدانییەکان کردووەتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەوەش بە ئامانجی "رێکخستنی کارەکانی دامەزراوە ئەهلییەکان، رێگریکردن لە سەرپێچی و پاراستنی ئاستی زانستیی پرۆسەی پەروەردە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ