عێراق
سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لە کاتی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن. وێنە: AHMAD AL-RUBAYE / AFP
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند هەزار و 250 تانەیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێگەیشتووە. جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگی سەرجەم وێستگەکانیش تەنیا لە دەسەڵاتی دادگەی باڵای فیدڕاڵییە.
موهەنەد مستەفا، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ئەو تانانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردن دراون لەرێگەی داتا و بەڵگەکان و ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی کۆمیسیۆندان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین، دوای ئەوە بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و دواتر بۆ دەستەی باڵای دادوەری بەرزدەکرێنەوە".
سەبارەت بە ژماردەنەوەی دەنگەکان بە دەست، موهەنەد مستەفا گوتیشی: "جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەکان تەنیا بۆ ئەو وێستگانە دەکرێت کە سکاڵا و تانەیان لەسەرە.
موهەنەد موستەفا، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لەبارەی ئەو سکاڵایانەشی تۆمارکراون گوتی: "تەنیا 58 سکاڵا لە رۆژی دەنگدانی گشتی تۆمارکراون لە کۆی 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان، ئەم ژمارە کەمە بەڵگەیە لەسەر بێگەردیی دەنگدان".
رۆژی 10/10/2021 هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، رێژەی دەنگدان بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان 43٪ بووە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەشێوەیەکە دڵی بەشێکی زۆرە لایەنە شیعە دەسەڵاتدارەکانی رەنجاندووە. بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانیان هەرزوو کەوتنە تانەلێدان لە ئەنجامەکان و تۆمەتبارکردنی کۆمیسیۆن بە یاریکردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ